رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەهۆی بڕیاری هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر و چوونەوە واری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر مەکسیک و کەنەدا، دابەزی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 15 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 70 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 11 سەنت دابەزی و بە 69 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
شرۆڤەکارانی سیتی بانکی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتەوە لە کاتێکدا پێنوێنە ئابوورییەکانی ئەمریکا بەرەو سستبوونەوە دەڕۆن، هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە."
لەدوای ساڵی 2022ەوە، رۆژی دووشەممە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بۆ یەکەمجار بڕیاری دا نەوتی زیاتر بخەنەڕوو.
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریان داوە لە مانگی نیسانەوە بە خستنەڕووی 138 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر دەستپێبکەن، ئەوەش یەکەم هەنگاوی وازهێنانە لە سیاسەتی کەمکردنەوەی رۆژانە 6 ملیۆن بەرمیل، کە لەدوای ساڵی 2022ەوە هاوپەیمانییەکە جێبەجێی دەکات.
لە رۆژی سێشەممەوە، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە 25% پێناسی گومرگی بسەپێنێت بەسەر هەموو کاڵایەکی هاوردەکراو لە مەکسیکەوە. هەروەها 10% پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی وزە لە کەنەدا و 25% کاڵا و بەرهەمی دیکەی کەنەدی و بە رێژەی 20%یش بەسەر کاڵای چینی.
جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکان لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکان لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، بەپێی شرۆڤەکاران، بۆ بازاڕی نەوت باش نییە، بەو پێیەی دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی خاو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ