رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رەزامەندییان دا بۆ بەرزکردنەوەی رۆژانەى ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 206 هەزار بەرمیل کە پشکى عێراق 26 هەزار بەرمیل دەبێت، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی نەوت لە بازاڕانى جیهانى بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز.
یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، ئۆپێک پڵەس رایگەیاند کە بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئایاری داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی خشتەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، لەو 206 هەزار بەرمیلە سعودیە و رووسیا زۆرترین پشکیان دەبێت کە یەکى 60 هەزار بەرمیلە، کەمترین ئاستی زیادکردنەکەش عومانە کە رۆژانە 5 هەزار بەرمیل نەوتە.
پشکی عێراق لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئایارەوە 26 هەزار بەرمیلە، کوێت 16 هەزار، جەزائیر 6 هەزار، ئیمارات 18 هەزار و کازاخستان 10 هەزار بەرهەمهێنانی نەوتی لە رۆژێکدا زیاد دەکەن.
زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەیە کە بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دروست بووە.
ئەو رێگرییە لە تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگی ئێرانە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە، بەهۆیەوە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە زیاتر لە 109 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ