رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بەرەو جێگیربوون ئاراستەی گۆڕیوە، دوای ئەوەی لە ماوەی سێ کۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
بڕیاری زیادکردنی بڕی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە لە مانگی داهاتوودا، لە چەند رۆژی رابردوو نرخی نەوتی دابەزاندبوو.
رۆژی نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەجێگیری مایەوە و بەرمیلێکی بە 68 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش چەند سەنتێک دابەزی و بە 66 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس بەڕێژەی 1٪ دابەزی و گەیشتە کەمترین ئاست لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.
هۆکاری دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بۆ بڕیاری رۆژی یەکشەممەی ئۆپێک پڵەس دەگەڕێتەوە لەسەر زیادکردنی رۆژانەی 547 هەزار بەرمیلی دیکە لە مانگی داهاتوودا.
سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت، رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووبارە هەڕەشەی لە هیندستان کردەوە کە نەوتی رووسیا نەکڕێت و ئەگەر بەردەوام بێت لە کڕینی نەوتی رووسیا، ئەوا بەڕێژەی 100٪ پێناسی گومرکی بەسەردا دەسەپێنێت.
ئامانجی ترەمپ زیادکردنی گوشارەکانە لەسەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی شەڕ لە ئۆکراینا رابگرێت، بەڵام ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری پچڕانی خستنەڕووی نەوتی رووسیا، ئەوەش ئەگەری هەیە لەناکاو پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ