بایی 29 ملیار دۆلار پشکی تێسلا بە ئیلۆن مەسک دەدرێت

05-08-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای تێسلا بریاریدا وەک رێککەوتنێکی نوێ لەسەر مووچە و شایستەی دارایی ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە بەهای 29 ملیار دۆلار پشکی کۆمپانیاکەی پێبەخشێت.
 
بەپێی کۆمپانیای تێسلا، پێدانی 29 ملیۆن پشکی تێسلا کە دەکاتە 29 ملیار دۆلار، پاداشتێکی سەرەتاییە بۆ دەڕبڕینی (نیازپاکی) لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ ئیلۆن مەسک هەیانە لەسەر شایستە داراییەکانی بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار. هەر ئەو رێککەوتنەیە کە لە  ساڵی 2018 دادگا رەتیکردەوە، بەڵام بۆردی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە دووبارە پەسندی کردەوە.
 
ئیلۆن مەسک دەتوانێت داوای ئەو پشکانە بکات کە بۆی پێشنیازکراوە ئەگەر رازی بێت بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بمێنێتەوە.
 
مەرجێکی دیکەش هەیە کە مەسک بتوانێت دواجار ببێتە خاوەنی ئەو پشکە نوێیانە، ئەوەش ئەوەیە کە دادگایەک دووبارە دژی رێککەوتنەکەی نێوان کۆمپانیای تێسلا و مەسک بڕیاری نەرێنی لە دژی مەسک دەرنەکات.
 
 لە 2018، بۆردی بەڕیوەبەرانی تێسلا بڕیاریاندا لەڕێگەی پێدانی پشکی کۆمپانیاکە بە بەهای 56 ملیار دۆلار قەرەبووی مەسک بکەنەوە، لەبەرئەوە پێی دەڵێن "قەرەبوو" چونکە مەسک مووچەی نییە و لە جیاتی مووچە، حەقدەست یان مافی دارایی خۆی بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ بۆردی تێسلا یەکلایی دەکاتەوە.
 
لە مانگی 1ی 2024، دادگا رێککەوتنی نێوان مەسک و بۆردی تێسلای بەپێدانی 56 ملیار دۆلار پشک بە نایاسایی و نادادوەرانە ناوزەدکرد و رەتیکردەوە.
 
لە نێوەڕاستی 2024، دووبارە بۆردی تێسلا رێککەوتنەکەیان بۆ قەرەبووکردنەوەی مەسک بە 56 ملیار دۆلار پشکی کۆمپانیاکە پەسندکردەوە.
 
بەڵام دادگا دووبارە بڕیارەکەی رەتکردەوە و ئیلۆن مەسکیش داوای پێداچوونەوەی کردەوە بە بڕیاری دادگا.
 
بڕیارە نوێیەکەی بۆردی تێسلا بۆ پێدانی 29 ملیار دۆلار بە مەسک لە چەشنی پشکی تێسلا تەنیا هەنگاوی یەکەمە و مەرجدارە بەوەی کە دووبارە دادگا بڕیارەکە بە یاسایی نەزانێت.
 
ئەگەر دادگای کێشەی بۆ دروستنەکات، مەسک دەتوانێت دوای دوو ساڵ لە ئەستۆگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا داوای پشکەکانی بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێوەی ئێستای دراوەکە

چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت

کۆتایی ئەم هەفتەیە چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت و سێ مانگ دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی لیرەی کۆن و گۆڕینی بە چاپە نوێیەکە.