وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: وەستاندنی سووتاندنی گازی هاوەڵ گەیشتووەتە 74%

05-11-2025
موشتاق رەمەزان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، وەستاندنی سووتاندنی گازی هاوەڵ لە وڵاتدا گەیشتووەتە 74%.
 
عەبدولساحیب حەسناوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە، رۆژی چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لەوەی وەستاندنی سووتاندنی گازی هاوەڵ لە وڵاتدا گەیشتووەتە 74%، پڕۆژەکان لەو بوارەدا لە گەشەکردندان.
 
ئاستی وەستاندنی سووتاندنی گازی هاوەڵ لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2024دا گەیشتبووە 67%.
 
حەسناوی ئاماژەی بەوە دا، پلانی وەزارەتەکە گەیشتنە بە چارەسەرکردنی بابەتەکە تاوەکو ساڵی 2029.
 
عێراق بە سێیەم وڵات دادەنرێت لە جیهاندا کە زۆرترین گازی هاوەڵ دەسووتێنێت دوای رووسیا و ئێران، بەشێوەیەک کە کۆی ئەو گازەی لە ساڵی 2023دا سووتاندوویەتی، گەیشتووەتە نزیکەی 18 ملیار مەتر سێجا، بەپێی داتای بانکی جیهانی.
 
کۆی گشتیی ئەو گازەی لە هەمان ساڵدا سووتێندراوە، گەیشتووەتە 148 ملیار مەتر سێجا لە سەرانسەری جیهاندا، بەپێی هەمان سەرچاوە.
 
عێراق لە ساڵی 2017دا پەیوەندی بە دەستپێشخەرییەکی جیهانییەوە کرد کە بانکی جیهانی دەستی پێکردبوو و پلانەکەی بەو جۆرەیە سووتاندنی گاز تا ساڵی 2030 کۆتایی پێ بهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە