سوودانى: مووچەى مانگەکانى داهاتووى هەرێمى کوردستان بە رێکوپێکی دەنێرین

06-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، مووچەى مانگەکانى داهاتووى هەرێمى کوردستان "بەشێوەیەکى رێکوپێک" دەنێرن، بەو ئومێدەى تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بەرچاو بگیرێن. جەختى کردەوە کە کێشەى مووچە تەکنیکییە نەک سیاسى.
 
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: بە رۆحى هاوبەشی و هاریکاری، توانیویانە چەندین خاڵى ناکۆک لەگەڵ هەرێمى کوردستان تێپەڕێنن. جەختى کردەوە کە ئەوەى پەیوەندیدارە بە دۆسیەى مووچەوە کێشەى تەکنیکییە نەک هەڵوێستێکى سیاسىیی بەغدا.
 
4ى شوباتی 2025، وەزارەتى دارایی فیدراڵ بڕیارى خەرجکردنى زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى ئەم ساڵى هەرێمى کوردستانى دەرکرد، دواى ئەوەى شاندى هەردوولا رێککەوتن لەبارەى ئەو کێشانەى لە نێوانیان بە هەڵپەسێردراوى مابوونەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانى لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى شەرق ئاماژەى بەوەدا، پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بودجەوە بەستراوەتەوە لە رێگەى وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە، بە گوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى و میکانیزمێک بۆ بەجێکردنى مووچە و رادەستکردنى داهات دیاری کراوە. "کێشەى تەکنیکى هەبووە و بەم دواییە تێپەڕێنرا و مووچەى مانگى کانوونى دووەم نێردرا."
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەردەوام دەبن لە ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو بە "شێوەیەکى رێکوپێک" بەو ئومێدەى لەو ماوەیەدا تێبینییەکانى دیکە لەبەرچاو بگیرێن کە وەزارەتى دارایی فدراڵ دیاری کردووە.
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی 2ـى شوباتى 2025، هەموارى یاسای بودجەى پەسەندکرد کە تایبەت بوو  بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
سوودانى رایگەیاند: "دواى ئەو هەموارە، ئومێدەوارین بەمنزیکانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە."
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: گازمان دەسووتاند و گازمان لە دەرەوە هاوردە دەکرد، ئەمە بە فیڕۆدان و قورساییەکى زۆر بوو لەسەر بودجە. "کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە گاز هاوردە دەکەین، هاوردەکردنى گازى ئێران دەمانخاتە بەردەم زۆر پرسى دیکە، لەوانە گازى ئێران بەشێکە لە وانەى سزاى ئەمریکاى لەسەرە و ناتوانرێت شایستە دارایییەکەى بدرێت".
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، کاریان لەسەر تیپەڕاندنى ئەو کێشەیە کردووە و لەرێگەى گرێبەستکردن لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بۆ ئەوەى تاوەکو ساڵى 2028 هاوردەکردنى گاز لە ئێران رابگرن.
 
لەبارەى دۆخى سوریا سوودانى رایگەیاند، هاوئاهەنگى لەگەڵ سووریا دەکەن لەبارەى پاراستنى سنوور و گەڕانەوەى ئاوارەکان و ئامادەى پێشکێشکردنى هاوکارین. گوتیشی: "نامانەوێت سووریا ببێتە وێستگەیەک بۆ ململانێى بیانى و هەڵوێستێکى روونمان لە ئیدارەى نوێى سووریا دەوێت لەبارەى دژایەتیکردنى داعش و سنووربەزاندنى ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە