ئابووری
فڕۆکەیەکی ئیمارات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لۆس ئەنلجس دوای ئەوەی گەشتەکەی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی هەڵوەشایەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، کەرتی فڕۆکەوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی پەککەوتنێکی گەورە بووە؛ بە جۆرێک لە چەند رۆژی رابردوودا 25 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراونەتەوە و گەشتی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس پەکیکەوتووە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای (سیریوم) بۆ شیکاریی فڕۆکەوانی، لەنێوان رۆژانی شەممە تاوەکو پێنجشەممە (5ی ئاداری 2026)، لە کۆی 44 هەزار گەشتی ئاسمانیی پلان بۆ داڕێژراودا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 25 هەزار گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە. ئەمەش وایکردووە نزیکەی 4.5 ملیۆن گەشتیار لە گەشتەکانیان پەکبکەون.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی، کە ناوەندێکی سەرەکیی گەشتە ئاسمانییەکانی جیهانە، زۆرترین کاریگەریی جەنگەکەی لەسەر بووە. هەرچەندە بەرپرسانی ئیمارات رایانگەیاندووە گەشتەکان بە شێوەیەکی سنووردار دەستیان پێکردووەتەوە، بەڵام هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە.
لە ئیسرائیلیش، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بڕیارە قۆناخ بە قۆناخ بکرێتەوە. کۆمپانیای (ئێل ئال)ی ئیسرائیلی دەستی کردووە بە گەشتی تایبەت بۆ هێنانەوەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، بەڵام گەشتەکان لە نێو ئیسرائیلەوە بۆ دەرەوە هێشتا بە راگیراوی ماونەتەوە.
زیانە داراییەکان و دابەزینی پشکەکان
جەنگەکە تەنیا گەشتەکانی پەکنەخستووە، بەڵکو بووەتە هۆی دابەزینێکی پێوانەیی لە بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە بازاڕە جیهانییەکاندا:
لە ئەوروپا: پشکەکانی کۆمپانیای (Wizz Air) بە رێژەی 26.8%، کۆمپانیای (Air France-KLM) بە رێژەی 22.6% و کۆمپانیای (Ryanair) بە رێژەی 7% دابەزیون.
لە ئەمریکا: پشکەکانی کۆمپانیای (Delta Air Lines) بە رێژەی 13% و (United Airlines) بە رێژەی 8% دابەزیون.
شارەزایانی کەرتی فڕۆکەوانی هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بن، تێچووی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی گۆڕینی رێڕەوەکان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، زیاتر بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ