نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و 94 دۆلاری تێپەڕاند

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی، نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی 2023ەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئێران "بێ مەرج خۆی بەدەستەوە دەدات". 
 
ئەم قسەیە ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە بەوەی کە رەنگە هەناردەکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە یەکجاری پەکی بکەوێ.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت رۆژی هەینی 94 دۆلاری تێپەڕاند، واتە بە رێژەی 10% بەرزبووەوە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ساڵی 2023ـەوە.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساس گەیشتە سەرووی 92 دۆلار، واتە بە رێژەی 13% بەرزبووەوە.
 
گەرووی هورمز بووەتە چەقی ململانێکە، کە نزیکەی 20%ی بەرهەمی نەوتی جیهان و 20%ی گازی شلی پێدا تێدەپەڕێت.
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە 28ی شوبات، چەندین دامەزراوەی نەوتی کراونەتە ئامانج و سوپای پاسداران گەرووەکەی داخستووە، ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ بازاڕە جیهانییەکان دروستکردووە.
 
بیارن شیلدرۆپ، سەرۆکی بەشی شیکاری لە گرووپی (SEB) دەڵێت: "پێشتر گەرووی هورمز دانەخراوە، بۆیە کەس نەیدەزانی چی روودەدات."
 
گوتیشی: "پشێوییەک لە جووڵەی دابینکردندا هەیە کە پرۆسەکە بە تەواوی پەکدەخات، لە نەوتی خاوەوە بۆ پاڵاوگەکان و دواتر بۆ بەکاربەران."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە