رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی ئێچ کەی ئێن (HKN) لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەهۆیەوە زیان بە کێڵگەکە گەیشتووە و بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا راگیراوە.
رۆژی هەینی، 6ی ئاداری 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "شەوی رابردوو لە لایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکان لە عێراق، هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی ئێچ کەی ئێن لە سەرسەنگی سنووری پارێزگای دهۆک."
سەبارەت بە زیانەکان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکەوە زیان بەر کێڵگەکە کەوتووە و "بووەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنان تێیدا."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و دەڵێت، ئامانج لێی "لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان." هەروەها جەخت دەکاتەوە کە "بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتییەوە هێرش دەکرێت و زیان بە هەرێم و داهاتی سەرجەم عێراق دەگەیێنن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات رێگری لەم جۆرە هێرشانە بکات کە "خەڵکی مەدەنی، ژێرخانی ئابووری و کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان" دەکەنە ئامانج.
کێڵگەی نەوتی ئێچ کەی ئێن (HKN) کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک، یەکێکە لە کێڵگە چالاکەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. شەوی رابردوو بە دوو درۆن هێرشکرایە سەری و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا وەستا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ