رووداو دیجیتاڵ
حەوت رۆژ بەسەر هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێدەپەڕێت. لێکەوتە ئابوورییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەخێرایی پەرەیان سەندووە و ئێستا کاریگەریی ئەم شەڕە لە کەنداوەوە تاوەکو میسر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان هەستی پێدەکرێت.
ستراتیژیی تۆڵەسەندنەوەی ئێران روونە. ژێرخانی ئابووریی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە کراوەتە ئامانج بۆ دروستکردنی گوشار. لە راگرتنی وێستگەکانی گازی قەتەرەوە تاوەکو ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی راس تەنورەی سعودیە و لێدانی بەندەری جەبەل عەلی لە دوبەی، ئەم جەنگە بووەتە گەورەترین رووداوی جیۆسیاسی کە رووی لە ناوچەکە کردبێت.
جەنگی ئابووریی ئێران
ئێران کە نەیتوانیوە لە ئاسمان دا رووبەڕووی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتەوە (تێیدا ئیسرائیل بانگەشەی تێکشکاندنی 80%ی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران دەکات) ستراتیژییەکەی گۆڕیوە بۆ جەنگی ئابووری. سوپای پاسداران هەڕەشەی لێدانی "هەموو شارە گەورە ئابوورییەکانی ناوچەکە" دەکات. تێچووی 100 کاژێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستان ئاسا بە تەنیا بە 3.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، واتە رۆژانە 891 ملیۆن دۆلار.)
گەرووی هورمز؛ شادەمارە داخراوەکەی جیهان
گەرووی هورمز لە حەوتەم رۆژدا بە کردەیی بە رووی هاتووچۆی بازرگانی دا داخراوە. هاتووچۆی کەشتییەکان بۆ یەک لەسەر پێنجی ئاستی پێش جەنگ دابەزیوە.
• کەشتییە پەککەوتووەکان: زیاتر لە 150 کەشتیی بارهەڵگر لە دەروازەکانی گەرووەکەدا راوەستاون.
• نەوتی لەدەستچوو: جیهان رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکانی یەدەگی ستراتیژی بەکاردێنێت، کە ئەمەش ناتوانرێت بۆ زیاتر لە چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت.
• عێراق و کوێت: عێراق خەریکە شوێنی کۆگاکردنی لێ دەبڕێت و ناچاربووە بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە. کوێتیش تەنیا بۆ دوو هەفتەی دیکە شوێنی کۆگاکردنی هەیە.
کاریگەرییەکان بەپێی وڵاتان
ئیمارات؛ ئابوورییە جیهانییەکە لەژێر ئاگردا
ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە ئێران مۆدێلی ئابووریی کراوەی ئەم وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
• کەرتی وزە: تێرمیناڵی سووتەمەنی موسەفە لە ئەبوزەبی و تێرمیناڵی فوجەیرە لە کەناری رۆژهەڵات کرانە ئامانج.
• بەندەر و فڕۆکەخانە: بەندەری جەبەل عەلی لێدراوە. زیاتر لە 70%ی گەشتە ئاسمانییەکانی ئیمارات هەڵوەشاونەتەوە و هێڵی ئاسمانیی ئیمارات و فلای دوبەی گەشتەکانیان راگرتووە.
• ژێرخانی دیجیتاڵی: بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، سەنتەری داتاکانی (Amazon Web Services) لە دوبەی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
قەتەر؛ زەبەلاحەکەی گاز پەکیکەوتووە
تەواوی مۆدێلی ئابووریی قەتەر کە لەسەر گاز بونیاتنراوە، ئەویش کەوتووەتە ژێر هێرشەوە.
• راگرتنی بەرهەمهێنان: کۆمپانیای قەتەر ئێنێرجی راگرتنی تەواوی بەرهەمهێنانی گازی شلکراوە (LNG)ـی راگەیاند دوای ئەوەی وێستگەکانی لە (راس لافان) و (مەسەعید) بە درۆن لێدران.
• کاریگەریی جیهانی: نرخی گازی سرووشتی لە ئەورووپا بەخێرایی دوو هێندە بەرزبووەوە پێش ئەوەی لە دەوروبەری 48 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات لە کاژێرێک جێگیربێت.
سعودیە؛ ئارامکۆ لەژێر هێرشدایە
سعودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهان دا، راستەوخۆ کراوەتە ئامانج.
• پاڵاوگەی راس تەنورە: یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی جیهان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئەنجامی هێرشی درۆنی، کارەکانی راگرت.
• هەڵوێستی ریاز: سعودیە هێرشەکانی سەرکۆنە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەچووەتە ناو جەنگەکەوە.
بەحرەین؛ ناسکترین ئابووریی ناوچەکە
بەحرەین بە قەرزێکی زۆرەوە (150%ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی) چووەتە ناو ئەم جەنگەوە.
• بنکەی پێنجەمی دەریایی: بنکەی دەریایی ئەمریکا لە مەنامە یەکێکبووە لە ئامانجەکان. بەندەری (مینا سەلمان) ئاگری گرتووە و پاڵاوگەی سەرەکی وڵاتەکەش لێیدراوە.
کوێت؛ قەیرانی کۆگا و رووداوی "تەقەی هەڵە"
کوێت رووبەڕووی قەیرانی نەبوونی شوێنی کۆگاکردنی نەوت بووەتەوە چونکە ناتوانێت هەناردەی بکات. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە لێدراون. هەروەها ڕرووداوێکی "تەقەی هەڵە" روویدا کە تێیدا فڕۆکەیەکی F/A-18ی کوێتی، سێ فڕۆکەی F-15Eی ئەمریکی خستە خوارەوە.
عێراق؛ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و کەوتنە ناو هێڵی ئاگر
عێراق لە هەموو وڵاتانی کەنداو خراپترە لەڕووی توانای کۆگاکردنی نەوتەوە.
• وەستاندنی بەرهەمهینانی نەوت: عێراق ناچاربووە بەرهەمهێنان لە سێ کێڵگەی گەورە رابگرێت، ئەمەش بەرهەمی رۆژانەی کەمکردووەتەوە بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل.
• هێرشەکان: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بنکەی ڤیکتۆرییان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کردووەتە ئامانج. هەروەها تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر روویداوە و بنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و درۆن لێدراون.
عومان؛ جوگرافیا وەک قەڵغان
عومان دۆخێکی جیاوازی هەیە چونکە زۆربەی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمزە، بۆیە زیانی بەر نەکەوتووە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە سوودمەندیش بووە.
میسر و لوبنان؛ شەپۆلە لاوەکییەکان
سەرۆکی میسر هۆشداری داوە کە وڵاتەکەی لە "باری نائاسایی ئابووری"دایە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کاریگەری لەسەر داهاتی ئەو میسرییانەی لە کەنداو کار دەکەن. لە لوبنانیش، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە لە رۆژی 6ی ئادارەوە دەستپێکردووە.
دۆخی بازاڕەکانی جیهان
زیانە داراییەکانی جیهان لە چوار رۆژی یەکەم دا بە 3.2 تریلیۆن دۆلار لە بازاڕی پشکەکاندا دەخەمڵێندرێت. رووسیا یەکێکە لە سوودمەندە چاوەڕواننەکراوەکان، چونکە ئێستا بە نرخێکی بەرزتر نەوت بۆ چین و هیندستان دەنێرێت لە جیاتی نەوتی سعودیە و ئێران.
نەوتی برێنت، گەیشتووەتە سەرووی 89 دۆلار، بەرزبووەتەوە. وەزیری وزەی قەتەر دەڵێت، ئەگەر شەڕەکە بەردەوامبێ نرخی نەوت دەگاتە 150 دۆلار. گازی سرووشتیی ئەورووپا نرخەکەی دوو هێندە بەرزبووەوە بۆ 58 یۆرۆ. لە ماوەی تەنیا چوار رۆژدا بەهای بۆرسەکانی جیهان 3.2 تریلیۆن دۆلار زیانی بەرکەوت. لەم نێوەندەدا بەهای بۆرسەی سعودیە بەڕێژەی 5% دابەزیوە و بۆرسەی کوێت و ئیماراتیش داخراون.
جەنگەکە ئێستا لە دوو بەرەدا بەڕێوەدەچێت: بەرەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران و بەرەیەکی ئابووری لە سەرانسەری کەنداو دا. مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراویی بۆ زیاتر لە دوو هەفتە، دەبێتە هۆی شۆکێکی مێژوویی کە نرخی نەوت بۆ ئاستێکی بێوینە بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ