ترەمپ: ڤەنزوێلا 50 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستى ئەمریکا دەکات

دوێنێ کاژێر 09:24
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەسەڵاتدارانی کاتی لە ڤەنزوێلا رەزامەندییان نیشانداوە لەنێوان 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی کواڵیتی بەرز رادەستی ئەمریکا بکەن. ئەم بڕە نەوتە بڕیارە بە نرخی رۆژی بازاڕە جیهانییەکان بفرۆشرێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 06-01-2026 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ترووس سۆشیاڵ گوتی، پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتە راستەوخۆ لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی خۆیدا دەبێت، تاوەکو دڵنیا ببێتەوە بۆ بەرژەوەندیی گەلانی ڤەنزوێلا و ئەمریکا خەرج دەکرێت.
 
ترەمپ گوتی، "داوام لە کریس رایت، وەزیری وزەی وڵاتەکەمان کردووە کە دەستبەجێ ئەم پلانە جێبەجێ بکات. نەوتەکە لە رێگەی کەشتیی گەورەی کۆگاکردنەوە دەگوازرێتەوە و راستەوخۆ لە بەندەرەکانی ئەمریکا دادەگیرێت."
 
واشنتن لە ساڵی 2019وە گەمارۆی تووندی خستوەتە سەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، ئەمەش وایکردووە حکومەتەکەی مادورۆ پەنا بۆ بازاڕە نادیارەکان و وڵاتی وەکو چین ببات بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی.
 
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، کە نزیکەی 17%ی کۆی گشتیی یەدەگی جیهان پێکدەهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە