سۆمۆ بۆ رووداو: گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا راوێژکارییەکە کراوە بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت

دوێنێ کاژێر 09:55
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سۆمۆ دەڵێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا راوێژکارییەکە کراوە و تێچووی بەرهەمهینانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات. دڵنیاییش دەدات، جارێکی دیکە هەناردەکردن راناوەستێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026 عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو رێککەوتنە سێ قۆڵییەی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، گەرەنتییە بۆ نوێکردنەوەی و دڵنیابوونەوە لەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت جارێکی دیکە راناوەستێت.
 
یەکێک لە بڕگەکانی ئەو رێککەوتنەی رۆژی 25ی ئەیلوولی 2025 لەنێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کرا، بڕیاردرا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای  وود مەکێنزی بەریتانی بکرێ بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان. بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە بدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت تاوەکو ئەو کاتەی بابەتەکە یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێدەدرێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ، رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا راوێژکارییەکە کراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەستبەکاردەبێت بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان.
 
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ هەبوونی زۆرترین کڕیار بۆ نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان، عەلی نزار گوتی، "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەو کڕیارانە لە دەوری نەوتەکەمان کۆبکەینەوە کە زۆرترین نرخمان پێدەدەن و کڕیاری بێ کێشەن لە رووی یاساییەوە."
 
وەک بەڕێوەبەری سۆمۆ دەڵێ، نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەورووپا خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵام هێشتا بازاڕەکانی ئاسیا گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراقن، بەجۆرێک "78%ی نەوتەکە بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و 12% بۆ ئەورووپا و ئەو بڕەشی دەمێنێتەوە بۆ بازاڕەکانی ئەمریکایە."
 
عێراق مانگانە نزیکەی 4.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕەش لەنێوان 3.3 بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە