رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی زانیاریی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداری دا بۆ سەر بنکەیەکیان لە شاری ئێرانشار، پۆلیسێک کوژرا.
ناوەندی زانیاریی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بڵاویکردەوە، پۆلیسەکە ناوی "مەحموود حەقیقەت"ـە و لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلە بۆ سەر بنکەی پۆلیس لە شاری ئێرانشار کوژراوە.
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیس، دوای رووداوەکە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
ئەمە سێیەم هێرشی چەکدارییە لەو پارێزگایە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا روودەدات. رۆژی دووشەممە، 16-12-2025، ژمارەیەک چەکدار لە دەروازەی شاری "فەهروج" هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان و لە ئەنجامدا سێ ئەندامی سوپای پاسداران و هاووڵاتییەکی سڤیل کوژران؛ گرووپی "جەیشولعەدل" بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.
رۆژی چوارشەممە، 10-12-2025، لە ناوچەی سنووریی "لار"ـی سەر بە شاری زاهیدان، چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوپای پاسداران و سێ پاسداریان کوشت.
گرووپی "جەیشولعەدل" کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکی دەکات، ناوەناوە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگا ئەمنییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ