رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا ئۆنسەیەک زێڕ 3.98٪، یاخود 189 دۆلار بەرزبووەوە و بە 4,964 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە مامەڵەکانی داهاتووشدا ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 4,979 دۆلار.
لە هەرێمی کوردستانیش دوایین نرخی داخرانی بازاڕەکان لە رۆژی پێنجشەممە بەم شێوەیەن:
مسقاڵێک زیڕی عەیار 18 بە 925 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 80 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 130 هەزار دینارە.
ئەوکاتەی ئەو نرخانە بڵاوکرانەوە، ئۆنسەیەک زێڕ بە 4,906 دۆلار بوو. بۆیە دەکرێت ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ 15 بۆ 20 هەزار دینار گران ببێت.
سەرەتای هەفتەی رابردوو، دوای دیاریکردنی کێڤن وارش وەک بەربژێری داهاتووی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەیەکی گەورە لە بازاڕی کانزا گرانبەهاکان و زیانێکی زۆری بە وەبەرهێنەران گەیاند.
وارش بە کەسێکی تووند لە سیاسەتی نەختینەیی ناسراوە و پێشبینی دەکرێت بەئاسانی رێژەی سوود کەمنەکاتەوە.
لەم هەفتەیەدا نزمترین ئاستی نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 4,404.12 دۆلار و، بەرزترین ئاستیشی 5,092.68 دۆلاردا بوو.
بەڵام رۆژی پێنجشەممە، زێڕ نەیتوانی ئاستی پشتیوانیی 5,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بپارێزێت و دابەزی بۆ خوار ئەو ئاستە.
نیڵ وێڵش، سەرۆکی بەشی کانزاکان لە دامەزراوەی "بریتانیا گۆڵد مارکێتس" رایگەیاند: "ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی نرخەکان نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکە هێشتا بەهێزە. لەگەڵ بوونی نەختینەییەکی زۆر لە چین و جێگیربوونی نرخی دۆلار، زێڕ و زیو پێگەی خۆیان دەپارێزن، هەرچەندە ئاستی ناجێگیرییەکە هێشتا بەرزە."
هاوکات لە هەفتەی رابردوودا، داواکاریی بیمەی بێکاری لە ئەمریکا لە 209 هەزار کەسەوە بۆ 231 هەزار کەس زیادبووە، ئەوەش پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی لە ئەم ساڵدا بەهێزتر کردووە.
جگە لە هۆکارە ئابوورییەکان، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی رابردوودا رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ.
رۆژی هەینی، هەردوو لایەن لە وڵاتی عومان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە کە گفتوگۆکان "دەستپێکێکی باشیان" هەبووە، ئەمەش تا رادەیەک باری دەروونی بازاڕەکانی هێورکردووەتەوە.
ئێستا وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری ئاڕاستەی نوێی نرخەکان دەکەن، لە کاتێکدا زێڕ هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە سەروو ئاستی 5,000 دۆلار جێگیر بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ