وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: ستراتیژیمان بۆ کورتهێنانی دۆلار لە ئێران سەرکەوتوو بووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، ستراتیژیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ دروستکردنی "کورتهێنانی دۆلار" لە ئێران ئەنجامی گەورەی هەبووە و بووەتە هۆی داڕمانی یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ئەو وڵاتە؛ دەشڵێت، بەرپرسانی تاران خەریکی گواستنەوەی پارەکەیانن بۆ دەرەوە.
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە گوتەیەکدا لە لیژنەی بانکیی ئەنجوومەنی پیران باسی لە گوشارە ئابوورییەکانی سەر تاران کرد و گوتی: "ئەوەی ئێمە لە وەزارەتی گەنجینە ئەنجاممان داوە، دروستکردنی کورتهێنانی دۆلار بووە لەنێو ئێراندا. ئەو ستراتیژییەی لە مانگی ئاداری رابردوودا لە نیویۆرک باسم کرد، لە مانگی کانوونی یەکەمدا گەیشتە لووتکە، کاتێک یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ئێران مایەپووچ بوو."
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، دوای مایەپووچبوونی بانکەکە، گوشارێکی زۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ کێشانەوەی پارەکەیان دروست بوو، ئەوەش بانکی ناوەندیی ئێرانی ناچار کرد پارەی زیاتر چاپ بکات، کە ئەنجامەکەی "تەقینەوەی هەڵاوسان و دابەزینی خێرای بەهای دراوی ئێرانی بوو."
 
بێسێنت پەیوەندیی نێوان دۆخە ئابوورییەکە و ناڕەزایەتییەکان روون دەکاتەوە و دەڵێت: "بەهۆی تێکچوونی باری بژێوی، بینیمان خەڵکی ئێران رژانە سەر شەقامەکان. ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی وردی سەرجەم هاوبەشە ئێرانییەکان."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێستای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دەبینین سەرکردایەتیی ئێران خەریکی گواستنەوەی پارەن بۆ دەرەوەی وڵات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بەرپرسان دەستبەرداری دەسەڵات دەبن."
 
ئەم قسانەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەکاتێکدان، دوای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی دژی تاران پەیڕەو کرد و تووندترین سزای ئابووریی بەسەر کەرتی بانک، وزە و بازرگانیی ئەو وڵاتەدا سەپاند. ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی لە سەرەتای ساڵی رابردوودا هەمان سیاسەتی پەیڕەو کردوەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە