راوێژکارێکی سوودانی: دەکرێ دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچەدا هەبێ، بەڵام مووچە نافەوتێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، پارەی هەموو مووچەکانی ئەم ساڵ دابین دەکرێ و دۆخی دارایی وڵاتیش جێگیرە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە دواکەوتنی مووچە تەنیا پەیوەستە بە رێکارە تەکنیکییەکانەوە.
 
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە، 7-2-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر دواکەوتنێکی سنووردار لە دابەشکردنی مووچەدا رووبدات، بە واتای قەیرانی دارایی نایەت، هەروەها نیشانەی کورتهێنان لە سەرچاوە داراییەکان یان پاشەکشە لە پابەندییەکان نییە."
 
راوێژکارەکەی سوودانی راشیگەیاند: "هۆکاری هەر دواکەوتنێک بۆ هەندێک رێکاری رێکخستنی و کارگێڕیی کاتی" دەگەڕێتەوە کە تایبەتن بە میکانیزمەکانی خەرجکردن و بەڕێوەبردنی بابەتە داراییەکان.
 
موزهر محەممەد ساڵح گوتیشی، پارەی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و دەرماڵەی چاودێریی کۆمەڵایەتی "بە تەواوی لە چوارچێوەی دارایی پەسندکراودا دابین دەکرێ" و دەشڵێت: "بنەمای گشتی ئەوەیە خەرجکردنی مووچە بەردەوام بێت. ئەگەر هەندێکجاریش جیاوازیی کات لە دابەشکردنی هەندێک وەزارەت رووبدات، ئەوە کارناکاتە سەر دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی و توانای وڵات بۆ دانی شایستەکان."
 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، دۆخی دارایی جێگیرە و حکومەت کاردەکات بۆ بەڕێوەبردنی نەختینە بە شێوەیەک کە بژێوی مووچەخۆران و خانەنشینان پارێزراو بێت و هەر دواکەوتنێکیش نەهێڵدرێ، چونکە دابینکردنی مووچە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتە.
 
لەبارەی هەمان بابەت، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام لە پێدانی مووچە بەردەوام دەبێت.
 
جەمال کۆچەر گوتی: "عێراق ئەگەر بگاتە ئەو رادەیەی دەست ببات بۆ پارەی یەدەگی بانکی ناوەندیش، هەر مووچە دەدات. دۆخی ئێستای عێراق دژوارە، بەڵام پێشتریش لە کاتی شەڕی داعش و سەردەمی کۆرۆنا کە نرخی نەوت بۆ 20 دۆلار دابەزی، حکومەت هەر بەردەوام بوو لە پێدانی مووچە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین

نرخی بیتکۆین بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 70 هەزار دۆلار

نرخی بیتکۆین رۆژی هەینی نزیکەی 11% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و دووبارە بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 70 هەزار دۆلار