وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: بۆ دابەزاندنی نرخ، رەنگە سزاکانی سەر نەوتی رووسیا لاببەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی خەریکی تاوتوێکردنی لادانی سزا نێودەوڵەتییەکانە لەسەر بڕێکی زۆری نەوتی رووسیا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا زۆر بەرزبووەوە.
 
جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، لەگەڵ وەڵامە سەربازییەکانی تاران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، کەرتی وزە و گواستنەوەی جیهانییان پەکخستووە.
 
هاتووچۆ لە گەرووی هورمزدا زۆر خاو بووەتەوە، ئەمەش وایکرد تەنیا لە رۆژی هەینیدا نرخی نەوت 8.5٪ بەرزببێتەوە، کە کۆی بەرزبوونەوەی نرخ لەم هەفتەیەدا گەیشتە 30٪. ئەمە دوای ئەوە هات، سەرۆک ترەمپ رایگەیاند تەنیا "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج"ـی ئێران کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت.
 
رۆژی شەممە، 07-03-2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی: "رەنگە سزاکان لەسەر بەشێکی دیکەی نەوتی رووسیا لابەرین. ئێستا سەدان ملیۆن بەرمیل نەوتی سزادراو لە ناو سنوورە ئاوییەکاندا گیرساونەتەوە. لە رێگەی لادانی سزاکانی سەریان، وەزارەتی گەنجینە دەتوانێت بڕێکی زۆر نەوت بۆ بازاڕ دابین بکات و نرخەکان دابەزێنێت."
 
واشنتن جەخت دەکاتەوە، ئەم بڕیارە بە واتای نەرمکردنی هەڵوێست نییە بەرامبەر مۆسکۆ لە دۆسیەی ئۆکرانیادا، بەڵکو تەنیا ئەو بارە نەوتانە دەگرێتەوە کە ئێستا لە رێگەدان و گیرساونەتەوە. لە رۆژی پێنجشەممەدا، ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی رێگەی بە هیندستان دا ئەو نەوتە رووسیانە بکڕێت، کە لە ناو دەریاکاندا مابوونەوە.
 
کیرێل دمیتریێڤ، راوێژکاری ئابووریی کرێملین رایگەیاند، ئەوان خەریکی گفتوگۆن لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە و لە پۆستێکدا نووسی: "سزاکانی رۆژئاوا سەلماندیان کە زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیەنن."
 
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینە، ئەم مامەڵانە و کڕینی نەوتی رووسیا لەرێگەی ئەو کەشتییانەی پێشتر بلۆک کرابوون، تاوەکو کۆتایی رۆژی 3ی نیسانی 2026 رێگەپێدراو دەبن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە