کوێت بەرهەمهێنانی نەوتی خاو کەم دەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی پترۆڵی کوێت رایگەیاندووە، ''وەک رێکارێکی خۆپارێزی لە بەرامبەر هێرش و هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران''، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و پرۆسەی پاڵاوتنی کەمکردووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە دامەزراوەی پترۆلی کوێت بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا هاتووە، بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و پڕۆسەکانی پاڵاوتن دوای "دەستدرێژییە دووبارەبووەوەکانی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی کوێت و هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر گەرووی هورمز" دێت، کە زیانی بە سەلامەتیی هاتوچۆی کەشتییەکان گەیاندووە.
 
دامەزراوەکە جەختی کردووەتەوە کە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و پرۆسەی پاڵاوتن، بەشێکە لە ستراتیژیی "ئیدارەدانی مەترسییەکان" بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارەکان لە کاتی تەنگژەکاندا. راشیگەیاندووە کە "ئەمە تەنیا رێکارێکی خۆپارێزییە و بەپێی پێشهاتەکانی بارودۆخەکە، چاوخشاندنەوەی پێدا دەکرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ''دامەزراوەی پترۆلی کوێت ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پێشووی بەرهەمهێنان کاتێک بارودۆخەکە رێگە بدات.'' هاوکات دڵنیایی دەداتە بازاڕی ناوخۆ کە "تەواوی پێداویستییە سووتەمەنییەکان بەپێی پلانەکان دابینکراون و هیچ گرفتێک بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی دروست نابێت."
 
دامەزراوەکە دووپاتی کردەوە کە ''سەلامەتیی کارمەندان لە سەرووی هەموو کارە لەپێشینەکان دایە'' و ئامانجیان لەم بڕیارە ''پاراستنی سەروەتی نیشتمانیی کوێت'' و هاوکاریکردنە لە سەقامگیریی بازاڕی وزەی جیهانیدا.
 
دامەزراوەی پترۆڵی کوێت (KPC) کۆمپانیایەکی حکومیی نیشتمانییە و لە ساڵی 1980 دامەزراوە، کە سەرپەرشتی تەواوی کەرتی نەوت و گازی وڵاتەکە دەکات. ئەم دامەزراوەیە بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی کوێت دادەنرێت و یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی وزە لەسەر ئاستی جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە