بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ نزمترین ئاستی یەک ساڵی رابردوو دابەزی

07-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 142 هەزار و 150 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 07ـی ئایاری 2025، سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهای دینار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی دوێنی و ئەمڕۆ، نزیکەی ساڵێک و 5 مانگە نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە بەرزەی ئێستا".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ بەیانی چەند جارێک بەهای دۆلار بەزربووەوە و دابەزی. ئێستا (کاژێر 02:30) 100 دۆلار لە بازاڕدا بە 142 هەزار و 150 دینارە، لەکاتێکدا دوێنی بەیانی لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 144 هەزار و 250 دینار بوو.
 
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار، سیامەند مەولوود گوتی، زۆریی خستنەڕووی دۆلارە کە بازرگانان لەڕێگەی بانکە ناوەندییەکانەوە بە نرخێکی کەمتر دۆلار دەگۆڕنەوە؛ ئەمەش دۆلاری زیادکردووە، دیناریش کەم بووە لە بازاڕدا.
 
باسی لەوەش کرد، "هۆکاری دووەمیش ئەوەیە، دۆلار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهای لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی ئەو شەڕە بازرگانییە کە هەیە".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە