رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، بڕیارە زیاتر لە 50 کۆمپانیای فەرەنسی بۆ وەبەرهێنان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و هەلی کار بۆ هەزاران گەنج بڕەخسێت.
رۆژی دووشەممە 7ی تەممووزی 2025 بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ئەم ساڵ، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەشداریی لە کۆڕبەندی بازرگانیی فەرەنسا و عێراق کرد، لێکتێگەیشتنی باش هەبوو لەگەڵ وەبەرهێنەران، براند و سەرمایەدارانی فەرەنسا."
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەو وەبەرهێنانەی لە فەرەنسایە، دەکرێت بهێندرێتە هەرێمی کوردستان، "بڕیارە کۆمەڵێک براندی بەنێوبانگی فەرەنسا، لقی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە."
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "بڕیار بوو ئەم مانگە 50 بۆ 60 کۆمپانیای فەرەنسی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و ناسەقامگیریی ئاسمانی ناوچەکە، کەمێک دواخرا، ئێستا لەگەڵ کۆنسوڵخانەی فەرەنسا لەسەر هێڵین بۆ دیاریکردنی کاتێکی گونجاو."
بەرگەشت ئاکرەیی ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو کۆمپانیایانە لە هەموو سێکتەرێکن؛ کشتوکاڵ، وزە، تەکنەلۆجیا و گەشتیاری. دوای سەردانی ئەوان ئێمەش هەمان جۆری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بانگ دەکەین بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر."
گوتیشی، "وەبەرهێنانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی رەخساندنی هەزاران دەرفەتی کار".
قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان عێراق و فەرەنسا نزیکەی 2.2 ملیار دۆلارە. ساڵی 2023 عێراق بایی 1.84 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ فەرەنسا هەبووە، فەرەنساش 341 ملیۆن دۆلار هەناردەی بۆ عێراق هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ