رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی خەرجییەکانەوە دەرکرد کە لە ئەمڕۆوە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە و رایگەیاند، ئەو خەرجییانەش رەزامەندیی وەزارەتەکەیان هەیە ساڵی داهاتوو خەرج دەکرێن. ئاماژە بەوەش کراوە، داخستنی ژمێرەی کۆتایی فەرمانگەکان لە 31ی کانوونی یەکەمەوە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 07-12-2025 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بە نووسراوی ژمارە 1143 "رێنمایی ژمارە 18ی ساڵی 2025ی" بڵاوکردەوە و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، کە تایبەتن بە پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان و راگرتنی بەشی زۆری خەرجییەکان و لە ئەمڕۆوە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.
نێوەڕۆکی بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی ئەمانەن:
- راگرتنی سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان لەسەر داواکاری خەرجی، لە رێککەوتی 07-12-2025ـەوە تاوەکو کردنەوەی خەرجی دارایی ساڵی 2026، لەو رێککەوتەوە هیچ داواکارییەکی خەرجی ئاراستەی وەزارەتمان نەکرێ.
- راگرتنی گشت خەرجییەکان لە رێککەوتی 07-12-2025 بۆ ساڵی دارایی 2025 بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ژمێرەکان جگە لە خەرجییەکانی (مووچە، پێشینەی خەرجکراوی مانگانە و کرێی مانگانە و خاوێنکردنەوە و خواردن).
- سەرجەم ئەو خەرجییانەی لەسەر رێژەی گەڕانەوەی بەشەداهاتی وەزارەتەکان بەپێی رێنمانییمان ژمارە 1ـی ساڵی 2020 و ژمارە 6 و 11ـی ساڵی 2025 رادەگیرێ، جگە لە مووچە و هاندان و ئەو خەرجییانەی پابەندیی یاسای و سیفەتی مانگانەیان هەیە.
- راگرتنی خەرجییەکان تەمویلکردنی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان ناگرێتەوە، بە رەچاوکردنی رێنماییەکان.
- ئەو نووسراوانەی رەزامەندنی خەرجی وەزارەتمانیان هەیە بەهۆی هەر هۆکارێکەوە خەرج نەکراوە، ساڵی 2026 خەرج دەکرێ.
- داخستنی ژمێرەی مانگی 12ـی ساڵی 2025 لە 31-12-2025 دەستپێدەکات و پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگەکان پێیەوە پابەند بن، جگە لەو فەرمانگانەی خۆپارەداکردنن.
- ماوەی ژمێرەی کۆتایی لە 02-01-2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 31ـی هەمان مانگ، بۆ یەکلاکردنەوەی گشت پێشینەکان کە لە ئەستۆی وەزارەت و فەرمانگەکانن.
- داخستنی ژمێرەی کۆتایی بەشێوەی کۆتایی لە 31-01-2026 دەبێت و ناردنی بۆ وەزارەتمان/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری تاوەکو 02-10-2026 لە نەناردنی یان دواکەوتنی لە رێککەوتی ئاماژەپێکراو، پارەدارکردنی ئەو یەکە ژمێریاییە رادەگیرێ.
- پێویستە ئەو فەرمانگانەی پەیڕەوی سیستمی نامەڵبەندی دەکەن (میزان مراجەعە) ژمێرەکانی کۆتایی بۆ ساڵی 2025 بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ ژمێرکاری نامەڵبەندیی بە رەچاوکردنی تۆماری ژمێرکاری ژمارە 89ـی هاتوو لە رێنماییەکانی ژمارەی 14ـی ساڵی 2023.
پێویستە پێشینەی بەردەوامی مانگانەی فەرمانگەکان یەکلا بکرێتەوە و رەسیدی بکرێتە سفر لە کۆتای ساڵی دارایی 2025.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ