راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: دراوی دیجیتاڵی لە عێراق بەکاردەهێندرێت

08-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو دراوە دیجیتاڵییەی لە داهاتوودا لە عێراق دەخرێتەڕوو، بۆ مامەڵەکردن ئاسان دەبێت. 
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 08-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دراوە دیجیتاڵییەکە کە بڕیارە لە داهاتوودا بخرێتەڕوو، هەر تەنیا بۆ عێراق نا، بەڵکو لەگەڵ ئاراستە گشتییەکانی بانکی ناوەندی لە جیهان دەگونجێت".
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوەدەکات کە "بیرۆکەکە لە بانکی پاکتاوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستی پێکرد لە بازڵ لە سویسرا"؛ گوتیشی: "پڕۆژەیەک بە ناوی (ئێم برێج) هەیە کە مامەڵە لەگەڵ پاکتاوکردنی مامەڵە داراییەکان لەنێوان بانکە ناوەندییەکان بەم دراوە دیجیتاڵییە دەکات، بۆیە ئەم رەنگدانەوە دەرەکییە رەنگدانەوەی نێوخۆیی دەبێت".
 
مەزهەر محەممەد ساڵح پێیوایە "بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر پێویستی بەوەیە بچێتە نێو (ئێم برێج) لە پاکتاوکردن لەگەڵ ناوچە گەورەکانی بازرگانیی نەوتی جیهان لە چین و هیندستان و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و هەندێک وڵاتی ئەورووپا." 
 
پڕۆژەی (ئێم برێج) لە ساڵی 2021 بە دەستپێشخەریی بانکی پاکتاوکردنە نێودەوڵەتییەکان بە هاوکاری چین و ژمارەیەک بانکی ناوەندی دەستیپێکرد، ئەوەش بە ئامانجی خێراکردنی پارەدانە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش بە بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی مامەڵەکان و دڵنیایی لە پاراستنیان.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح  تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەو دراوە و گوتی، بە گشتی بۆ بانکەکان مامەڵەکردنی ئاسانە و پێویست بە مەترسیی نەختینەیی ناکات"؛ گوتیشی: "بە تیۆری وا دابنرێت ئەگەر هەموو دراوەکە لەنێو بانکەکاندا دیجیتاڵی بێت، مەترسی لە متمانەی بانکیدا نییە و مەترسی لە سپیکردنەوەی پارە و شتی دیکەش نییە". 
 
راوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەدا کە "90% قەبارەی نەختینە لە دەرەوەی دەزگای بانکییە، بۆیە کۆمەڵگەی عێراقی مامەڵە بە کاخەزی نەختینەییەوە دەکات و ناتوانرێت راستەوخۆ لە شەو  رۆژێکدا بگۆڕدرێت بۆ دراوێکی دیجیتاڵی".
 
بەڵام ئەمەی بە پڕۆژەی هیوا بۆ عێراق ناوبرد و گوتی، گەشەکردنی لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەکارهێنانەکانی دراوی دیجیتاڵی لە جیهاندا راستەوانەیە، لە رووی بەهاوە یەکسانە و لەگەڵ دراوی کاخەزیی دەرچوو دەگونجێت. 
 
مەزهەر محەممەد ساڵح گوتی، دراوی دیجیتاڵی "هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کاخەز نییە، لە نرخی ئاڵوگۆڕیشیدا جیاوازی نییە، جگە لەوەی کاراییەکەی بەرزترە، لەگەڵ پێشکەوتنی جیهاندا دێتەوە، عێراقیش لەم پرسەدا لەگەڵ جیهان دەڕوات". 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە