عێراق بڕیاری دا بە کاراکردنی گرێبەستی هاوردەکردنی گاز لە تورکمەنستانەوە

08-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەندین بڕیاری دەرکرد. یەکێک لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بوو تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی پرسی نەوت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەروەها بڕیاری دا بە کاراکردنی گرێبەستی هاوردەکردنی گاز لە تورکمەنستانەوە بۆ دابینکردنی بڕی 14 بۆ 15 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا، بۆ بەرهەمهێنانی 2000 مێگاوات کارەبا، لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز بە بڕی 190 مەقمەق لە رۆژێکدا کە 600 بۆ 700 مێگاوات کارەبا بۆ پارێزگاکانی باشوور و فوراتی نێوەڕاست دابین دەکات.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی دارایی عێراق راسپێردرا بودجەی پێویست بۆ هاوردەکردنی گاز لە ئێران و تورکمانستەنەوە دابین بکات.
 
ئەنجوومەنەکە پێشنیازی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی پەسند کرد بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو.
 
هەروەها دەسەڵات درا بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بۆ بەکرێگرتنی تانکیی کۆگەکردن لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی دەرەوەی وڵات، لە بازاڕە سەرەکییەکان بۆ بەکارهێنانیان بۆ بەرهەمە نەوتییە عێراقییەکان کە بەردەستن بۆ هەناردەکردن، گواستنەوە، هەڵگرتن و فرۆشتنیان لەو بازاڕانەدا.
 
لەگەڵ بڕیاردان بۆ تەواوکردنی هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی خۆر بۆ باڵەخانە حکومییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە