نرخی زێڕ جێگیرە و بازاڕ چاوەڕوانی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکایە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دابەزینی رۆژی هەینیی رابردوو، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ 15 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 4,215 دۆلارە. 
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، نرخی مسقاڵێک زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=885,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=845,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=725,000
 
بازرگان و وەبەرهێنەران چاوەڕوانی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکان لەسەر رێژەی سوود کە کاژێر 09:00ـی شەوی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دەدرێت.
 
پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە بەرپرسانی بانکەکە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی بدەن بە رێژەی 0.25٪. 
 
ئێستا نزیکەی 90٪ـی بازرگانان پێشبینی کەمکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ دەکەن، کە بەمەش رێژەی سوود دەبێتە 3.75% بۆ 4.0%. هاوکات پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتووشدا دوو جاری دیکە رێژەکە کەمبکرێتەوە.
 
دوای بڕیارەکە لە کاژێر 9:30، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکدا باسی پێشبینییە ئابوورییەکانی بانکەکەی لەبارەی ئەمریکا دەکات وەڵامی رۆژنامەڤانان دەداتەوە. قسەکانی پاوڵ دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر بازاڕەکان دابنێن.
 
پێش راگەیاندنی بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، سبەی سێشەممە داتای رەخساندنی هەلی کار بڵاودەکرێتەوە، کە وەک کۆتا خوێندنەوەی بازاڕی کار پێش بڕیارەکە، گرنگییەکی زۆری دەبێت.
 
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی جیهانی، بانکی ناوەندیی چین بۆ 13یەمین مانگ لەسەریەک یەدەگی زێڕی وڵاتەکەی زیاد کردووە، بەمەش کۆی گشتیی یەدەگی زێڕی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە نزیکەی 74.12 ملیۆن ئۆنسە، کە دەکاتە  2,305 تۆن.
 
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە