باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا: کێڵگە نەوتییەکەی قورنە موڵکی دەوڵەتە و تەنیا بەڕێوەبردنەکەی گۆڕاوە

دوێنێ کاژێر 10:18
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە 2 "خۆماڵی" کرابێت و رایدەگەیێنێت، کێڵگەکە هەر لە سەرەتاوە موڵکی دەوڵەت بووە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بەڕێوەبردنەکەی لە لۆک ئۆیلەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە گواستراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرزی دایەوە، کە تێیدا باسی لەوە کردبوو حکومەتی عێراق کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2ی "خۆماڵی" کردووە، کە پێشتر لەلایەن کۆمپانیای لۆک ئۆیلی رووسییەوە بەڕێوەدەبرا.
 
باڵیۆزخانەکە روونیکردووەتەوە، بەپێی ئەو گرێبەستەی لە ساڵی 2008 واژۆ کراوە، "کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2 بە تەواوی موڵکی دەوڵەتە و کۆمپانیای لۆک ئۆیل تەنیا ئەرکی پەرەپێدان و دەرهێنانی نەوتی لە ئەستۆ بووە لە بەرامبەر وەرگرتنی کرێدا."
 
سەبارەت بە هۆکاری گۆڕانکارییەکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆسەر کۆمپانیای لۆک ئۆیل و راگەیاندنی حاڵەتی (هێزی باڵا - Force Majeure) لەلایەن کۆمپانیاکەوە، بۆ پاراستنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، کە رۆژانە نزیکەی 480 هەزار بەرمیلە، ئەنجوومەنی وەزیران لە 7ی ئەم مانگە بڕیاری دا کۆمپانیای نەوتی بەسرە ئەرکی بەڕێوەبردنی کارەکان بگرێتە ئەستۆ."
 
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کۆمپانیای نەوتی بەسرە سەرپەرشتیی هەموو پرۆسە نەوتییەکان دەکات و تێچووی کارەکانیش لە رێگەی هەژماری کێڵگەی "مەجنوون"ەوە دابین دەکرێت، کە ئەویش لە رێگەی فرۆشتنی نەوت لەلایەن کۆمپانیای (سۆمۆ)وە پارەدار دەکرێت.
 
باڵیۆزخانەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەت مافی یەک ساڵی بۆ کۆمپانیای لۆک ئۆیل هێشتووەتەوە؛ لەو ماوەیەدا کۆمپانیا رووسییەکە دەتوانێت ماف و شایستەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ هەر کۆمپانیایەکی دیکەی شیاو، یان ئەگەر سزاکان هەڵگیران، دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر کارەکانی.
 
کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2 دەکەوێتە پارێزگای بەسرە، بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و جیهان دادەنرێت؛ لە ساڵی 2014وە قۆناخی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فراوانی تێدا دەستیپێکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە