رووداو دیجیتاڵ
نرخی مسقاڵێک زێڕ 15 هەزار دینار بەرزبووەوە، جیاوازیی نرخی کڕین و فرۆشتنیش لە 30 هەزار دینار بۆ هەر مسقاڵێک جێگیر بووە. ئەم هەفتەیەش بازاڕ چاوی لەسەر داتاکانی ئەمریکا دەبێت.
سەیوان عاسی، زێڕنگەر لە شاری هەولێر بە روودای گوت، ئەمڕۆ نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 955 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 113 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 166 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە ملیۆنێک و 264 هەزار دینارە.
بە گوتەی ئەو زێڕنگەرە، بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 15 هەزار دینار دابەزیوە.
پێشتر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، جیاوازیی نرخی کڕین و فرۆشتنی زێڕ 10 هەزار دینار بوو.
بە واتایەکی دیکە، زێڕنگەران مسقاڵێک زێڕیان بە 10 هەزار دینار کەمتر لە نرخی خۆی لە هاونیشتمانییان وەردەگرت. ئێستا ئەو جیاوازییە زیاد بووە.
سەیوان عاسی دەڵێت، ئێستا ئەو جیاوازییە گەیشتە 25 هەزار دینار بۆ 30 هەزار دینار. هۆکاری ئەمەش زیادبوونی نرخی حەواڵەی زێڕە.
زیاتر لە دوو هەفتە بوو بازاڕی زێڕ ناجێگیر بوو؛ ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتبووە 5600 دۆلار، دواتر دووشەممەی هەفتەی رابردوو بۆ ئاستی 4400 دۆلار دابەزیبوو.
ئەمڕۆش کە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکانە لەم هەفتەیەدا ئۆنسەیەک زێڕ 59 دۆلار بەرزبووەتەوە و بە 5028 دۆلارە.
سەیوان عاسی دەڵێت، ئەگەر هیچی لەناکاو روونەدات، بازاڕی زێڕ بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات.
گرانبوونی ئۆنسەی زێڕ دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستان؛ بەپێچەوانەشەوە دایدەبەزێنێت.
لە هەرێمی کوردستانیش، دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار وا دەکات مسقاڵی زێڕ گرانتر بێت و بەرزبوونەوەشی وادەکات دابەزێت.
دوو داتای هەستیار لەم هەفتەیە
بۆ ئەم هەفتەیە، بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی دوو داتای ئابووری هەستیار و گرنگی ئەمریکا دەکەن.
رۆژی چوارشەممە ئاماری رەخساندنی هەلی کاری تایبەت لە ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو بڵاودەکرێتەوە؛ رۆژی هەینیش ئاماری هەڵاوسان بۆ هەمان مانگ بڵاودەکرێتەوە.
هەردوو ئامارەکە کاژێر 16:30 دەبن بە کاتی هەولێر.
کەمبوونەوەی رەخساندنی هەلی کار و کەمبوونەوەی هەڵاوسان، کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت لەوەی هانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بدەن بەوەی رێژەی سوود کەم بکاتەوە، ئەوەش دەکرێت نرخی کانزاکانی وەک زێڕ و زیو بەرزبکاتەوە و دۆلار دابەزێنێت، بەپێچەوانەشەوە دەکرێت دۆلار بەرزببێتەوە و کانزاکان دابەزن.
هاوکات رۆژی هەینی، بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆبوونەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە. هەرچەندە ئێران رژدبوونی خۆی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم پێشانداوە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان تاڕادەیەک بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیان سنووردارکردووە.
سەبارەت بە ناجێگیرییەکانی بازاڕ، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هەڵبەز و دابەزە تووندەی هەفتەی رابردوو لە نرخی کانزا گرانبەهاکاندا روویدا، بازرگانە چینییەکان لەپشتیەوە بوون. بێسێنت ئەو دۆخەی بە "سەرکێشییەکی کاتی بۆ بەرزکردنەوەی نرخ" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ