رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی زێڕ و زیو دەڵێت، نرخی کیلۆیەک زیو لە هەرێمی کوردستان 1000 دۆلار لە دووبەی زیاترە. خەڵکیش هەیە لە هەرێمی کوردستان پارەی پێشەکی داوە و 70 رۆژ چاوەڕێ دەکات بۆ ئەوەی زیوی لە کارگەکانی دەرەوە بۆ بێت و "مەترسی لەسەر ئەو پارەیە هەیە".
حاجی هەژار قادر، بازرگانی زێڕ و زیو گوتی، لە 34 رۆژی رابردوودا، 53 تۆن و 400 کیلۆ زیو و 500 کیلۆ زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاوردەکراون.
حاجی هەژار دەڵێت، "ئەم ئامارانە لە لایەک جێگەی خۆشحاڵییە، چونکە خەڵک سەرمایەکەی دەکاتە کانزای گرانبەها، بەڵام لە لایەکی دیکەوە زۆر نیگەرانکەرە، چونکە ئەم بازرگانییە بە شێوازێکی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە شێوەیەکی هەڕەمەکییە."
ئەو بازرگانە گوتی، "لە بازاڕەکانی دووبەی، کیلۆیەک زیو بە نزیکەی دوو هەزار و 700 دۆلارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە 3 هەزار و 400 دۆلار دەفرۆشرێت. واتە 900 بۆ 1000 دۆلار جیاوازی لە [نرخی زیو بۆ] هەر کیلۆیەکدا هەیە."
بازرگانەکەی زێڕ و زیو ئاماژەی بەوەش کرد، قازانجی ستاندارد بۆ کۆمپانیاکان لە هاوردەی هەر کیلۆیەک زیو، دەبێت تەنیا 25 دۆلار بێت، وەک چۆن لە زێڕدا تەنیا 150 دۆلارە، بەڵام ئێستا لە کوردستان بەهۆی نەبوونی چاودێری و شارەزایی، کەسانێک پەیدا بوون لە هەر کیلۆیەکدا سەدان دۆلار قازانج لە خەڵک وەردەگرن.
290 ملیۆن دۆلاری کوردستان لە مەترسیدایە
حاجی هەژار هۆشداری دەداتە بازرگانان و سەرمایەداران سەبارەت بەو پارە نەختینەیەی کە رەوانەی دەرەوە کراوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو، ئێستا نزیکەی 290 ملیۆن دۆلاری خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک پێشەکی لای کارگەکانی زیوی دووبەی و تورکیایە.
ئەو دەڵێت، "سەرووی 200 ملیۆن دۆلار لە دووبەی و نزیکەی 90 ملیۆن دۆلاریش لە تورکیایە. ئەمە پارەی بازرگانانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکە کە نۆرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی زیو".
بە گوتەی حاجی هەژار قادر، "مەترسییەکە لەوەدایە زۆرجار ئەم کۆمپانیایانە کاتێک قەبارەی پارەکە لایان زۆر دەبێت، مایەپووچبوونی خۆیان رادەگەیێنن و پارەی خەڵکەکە دەفەوتێت، وەک چۆن پێشتر لە سێکتەری زێڕدا چەندین کۆمپانیای هیندی و سووری لە دووبەی وایان کرد."
بازرگانەکە باس لەوەش دەکات، بازرگانی عەرەب لە وڵاتانی وەک لیبیا و میسر، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین تەنانەی 10 دۆلاریش پێشوەختە وەک پێشەکی بدەنە کارگەیەک، بەڵام بازرگانی کورد پارەکە دەدات و 70 رۆژیش چاوەڕێ دەکات.
حاجی هەژار قادر دەشڵێت، "کارگەکان فێڵ لە بازرگانی کورد دەکەن، کاتێک دەبینن نرخی زیو لە بازاڕدا گران بووە، دەڵێن مەکینەمان تێکچووە یان قاڵبمان شکاوە، تەنیا بۆ ئەوەی زیوەکە درەنگتر بدەنەوە و خۆیان لە بەرزبوونەوەی نرخەکە سوودمەند بن. خەڵکی ئێمەش ئەو ئارامگرییەی بەرامبەر بێگانە هەیەتی، بەرامبەر بازرگانی ناوخۆیی نیەتی."
قسەکانی حاجی هەژار ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
"وریا بن زەرەر دەکەن"
ئەو بازرگانە دەڵێت، زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا هاتوونەتە ناو بازاڕی زیو، کەسانی تازەن و ئەکادیمی نین. گوتیشی، "خەڵک هەیە هەموو سەرمایەکەی هێناوەتە ناو ئەم بوارە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەگەر نرخەکان دابەزن چ کارەساتێکی بەسەر دێت".
ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم بازاڕەی ئێستا لە کوردستان هەیە بازاڕێکی ستاندارد نییە و تەنیا ئاڵوگۆڕ و سەرکێشییە. ئێمە پێمان ناخۆشە خەڵکی کوردستان زەرەرمەند بێت، بەڵام بەم شێوازە کڕین و فرۆشتنە، بەدڵنیاییەوە زۆربەیان زەرەر دەکەن."
ئەوەشی گوت "بۆ ئەوەی خەڵک لەم دوودڵی و دڵەڕاوکێیە رزگار بکەین، بەمنزیکانە پڕۆژەیەکمان دەبێت هەر کەسێک پارە بدات، دەستبەجێ زیوە فیزیکییەکەی وەربگرێت و پێویست نەکات 70 رۆژ چاوەڕێی کارگەکانی دەرەوە بکات و پارەکەی بخاتە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ