حکومەتی هەرێمی کوردستان: عێراق ساڵانە 8.7 تریلیۆن دینار لە پشکمان لە بودجە دەبڕێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای بودجەی (2023 - 2025)، هەرێمی کوردستان بە بڕی 8.7 ترلیۆن دینار ساڵانە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکانی عێراقی فیدڕاڵ دەکات، واتە "8.7 تریلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ خەرجییە سیادییەکانی عێراق دەبڕدرێت."

لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، داتا داراییەکانی بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا (2005 - 2025)، "بوونی هەڵەیەکی گەورە و سیستماتیک دەسەلمێنن، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە."

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی فیدراڵی عێراق لە رێگەی فراوانکردنی بێ پێشینەی "خەرجییە سیادییەکان" و جێبەجێکردنی میکانیزمی "خەرجیی فیعلی"، شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی "لە مافێکی جێگیرەوە بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر کاخەز گۆڕیوە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان فراوانبوونی خەرجییەکان بە "فراوانبوونی چەقۆی سیادی" و کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان ناودەبات و دەڵێت، "خەرجییە سیادییەکان کە لە ساڵی 2005دا تەنها لە چوارچێوەی (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری) کورت دەبووەوە، لە بودجەی ساڵانی (2023-2025)دا زیاد کراون و گەیشتوونەتە نزیکەی 47.4 ترلیۆن دیناری ساڵانە."

ئەم گەورەبوونەش، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لەڕێگەی تێهەڵکێشکردنی چەندین بڕگەی قەبە وەک (تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بودجەی حەشدی شەعبی و قەرزەکان) بووە لەژێر ناوی 'سیادی'، تەنها بۆئەوەی پێشوەختە و پێش گەیشتنی پارە بە هەرێمی کوردستان، لە پشکەکەی ببڕدرێت."

بەهۆی ئەم سیاستە، "هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی 8.7 ترلیۆن دینار لە پشکی خۆی، بەشدارە لە دابینکردنی ئەو خەرجییانەدا،" ئەمەش لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان: "دۆسیەی قەرزەکان؛ 26 بەرامبەر 1"

لە دۆسیەی قەرزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ستەمێکی دارایی ئاشکرا بەرامبەرمان دەکرێت. لە کاتێکدا پابەند کراوین بە دانەوەی 1.6 تریلیۆن دیناری ساڵانە وەکو پشکی خۆی لە دانەوەی قەرزە سیادییەکانی عێراق، بەڵام لە بەرامبەردا تەنها 62.4 ملیار دینار لەو قەرزانە وەکو پشک وەردەگرێت. بەمەش هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەر یەک دۆلار کە وەکو قەرز وەریدەگرێت، بڕی 26 دۆلار بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دەدات کە حکومەتی فیدراڵ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرجی کردوون."

"خەرجیی فیعلی و سزای بەکۆمەڵ"

حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ بەوە تۆمەتبار دەکات کە "بە چەسپاندنی میکانیزمی 'خەرجیی فیعلی' لەبری 'تەرخانکردنی پەسەندکراو،' بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور. ئەمە سزایەکی دارایی بەکۆمەڵە، چونکە بەپێی ماددەی (121/سێیەم)ی دەستوور، پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای 'پێداویستی' و 'رێژەی دانیشتووان' بێت، نەک لەسەر بنەمای ئەوەی وەزارەتەکانی بەغدا چەند پارە خەرج دەکەن. ئەم رێکارە وای کردووە هەر کاتێک پڕۆژەیەک لە شارەکانی دیکەی عێراق پەکی بکەوێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەم ببێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە