رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لەسەر راسپاردەی سوودانی، میکانیزمێکی نوێی بۆ ئەژمارکردنی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان پەسند کرد؛ ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارەکە بووەتە جێی مشتومڕی سیاسی و یاسایی و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دادگەی فیدراڵی چارەنووسی پێناسی نوێی گومرگی یەکلایی بکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی گشتیی گومرگ کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەم رێکارە نوێیانە بەپێی یاسای گومرگی ژمارە 23ی ساڵی 1984 و بڕیاری ژمارە 569ی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیرانە و لە هەموو بنکە گومرگییەکان جێبەجێ دەکرێت.
میکانیزمە نوێیەکە چوار خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
یەکەم: بۆ ئەو کاڵایانەی "بەیانی پێشوەختە"یان هەیە، ئەو نرخە گومرگییە هەژمار دەکرێت کە لە لیستە بازرگانییە فەرمییەکاندا تۆمار کراوە.
دووەم: بۆ ئەو کاڵایانەی بەبێ "بەیانی پێشوەختە" هاوردە دەکرێن، پشت بەو نرخە گومرگییە دەبەسترێت کە لای دەستەی گشتیی گومرگ تۆمار کراوە.
سێیەم: سەبارەت بە داواکاریی گۆڕین یان دیاریکردنی نرخ، بەشی دیاریکردنی نرخ لە دەستەی گومرگ پابەند کراوە کە لە ماوەی 3 رۆژی کاردا وەڵامی داواکارییەکان بداتەوە، ئەگەرنا بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆیان.
چوارەم: بانکەکانی عێراق بە سەرپەرشتیی بانکی ناوەندی رادەسپێردرێن بۆ وردبینیکردنی راستی و دروستیی ئەو زانیاری و نرخانەی لە لیستە بازرگانییەکاندا بۆ مەبەستی حەواڵەی دەرەکی پێشکێش دەکرێن.
ئەم رێکارانە لەکاتێکدان کە بڕیاری ژمارە 957ـی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ زیادکردنی گومرگ (کە هەندێکیان گەیشتوونەتە 30%)، تانەی یاساییان لێگیراوە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی تایبەت بەو کەیسەی بۆ رۆژی چوارشەممە 11-02-2026 دواخستووە.
ئەحمەد مازن مەکیە، پارێزەری ئەو پەرلەمانتارانەی سکاڵایان تۆمارکردووە، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم بڕیارانە سەرپێچیی دەستوورین، چونکە لە دوای 11-11-2025ـەوە حکومەت بە 'کاربەڕێکەر' دادەنرێت و مافی دەرکردنی بڕیاری دارایی نییە."
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکدا بۆ سوودانی پێشنیازی کردووە جێبەجێکردنی پێناسی نوێی گومرگی بۆ 90 رۆژ دوابخرێت و گومرگی ئۆتۆمبێلی "هایبرید"یش لە 15%ـەوە بۆ 5% کەم بکرێتەوە و بەشێک لە گومرگى کاڵاکان بکرێتە 5%.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەم داوایەی پەرلەمان دوای میوانداریکردنی بەرپرسانی گومرگ دێت بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ