رووداو دیجیتاڵ
خەرجیى عێراق لە ساڵى 2025دا گەیشتووەتە 141 تریلیۆن دینار و ئەوەش بەراورد بە 2024 زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینار کەمى کردووە و زیاتر لە 17 تریلیۆن دیناریش کورتهێنانى هەبووە. داهاتى پارى عێراق 124 تریلیۆن دینار بووە کە 16 تریلیۆن دینارى کەم کردووە و زۆرترین کەمکردنیش لە داهاتى نەوت بووە. خەرجى هەژمارکراو لەسەر هەرێمى کوردستان 10.7 تریلیۆن دینار بووە و زیاتر لە 300 ملیار دینارى بەراورد بە 2024 کەمکردووە.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ، راپۆرتی خەرجی و داهاتی بۆ 12 مانگەکەی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە کە خەرجیی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ساڵی 2025 خەرجیی گشتیی عێراق 141 تریلیۆن و 227 ملیار و 925 ملیۆن و 207 هەزار و 252 دینار بووە. لەو بڕە پارەیە، 119 تریلیۆن و 163 ملیار و 668 ملیۆن و 159 هەزار و 155 دیناری بۆ خەرجیی رەوان بووە، خەرجیی وەبەرهێنان لە 2025 گەیشتووەتە 22 تریلیۆن و 64 ملیار و 257 ملیۆن و 48 هەزار دینار کە دەکاتە 15.6%ی تێکڕای خەرجییەکان.
بەراورد بە ساڵی 2024، پار خەرجیی عێراق 9.2 تریلیۆن دینار کەمی کردووە. زۆرترین کەمبوونەوەکە لە خەرجیی رەواندا بووە کە زیاتر لە شەش تریلیۆن دینار کەمی کردووە.
ئەو خەرجییەی پار لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمارکراوە 10.7 ترلیۆن دینار بووە کە زۆرینەی هەرە زۆری بۆ مووچە بووە.
بەراورد بە ساڵی 2024، خەرجیی هەژمارکراو لەسەر هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە کە ئەو ساڵە 10.7 تریلیۆن دینار بووە.
لەو دوو ساڵەدا خەرجیی هەژمارکراو لەسەر هەرێمی کوردستان 368 ملیار و 982 ملیۆن و 859 هەزار و 11 دینار کەمی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پار داهات 124 تریلیۆن و 185 ملیار و 235 ملیۆن و 754 هەزار و 307 دینار بووە کە هەردوو داهاتی نەوت و نانەوتی گرتووەتەوە.
لەو بڕە داهاتە، 109 تریلیۆن و 207 ملیار و 744 ملیۆن و 884 هەزار و 692 دیناری داهاتی نەوت بووە کە 88%ی تێکڕای داهاتی ئەو ساڵە بووە، لە کاتێکدا داهاتی نانەوتی 14 تریلیۆن و 977 ملیار و 490 ملیۆن و 869 هەزار و 615 دینار بووە کە 12%ی داهاتەکانی پێکهێناوە.
بەراورد بە ساڵی 2024، داهات لە عێراق 16 تریلیۆن و 588 ملیار و 870 ملیۆن و 403 هەزار و 157 دینار کەمی کردووە.
زۆرترین کەمکردنی داهات لە ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی پێشتر لە داهاتی نەوت بووە کە 18 ترلیۆن و 328 ملیار و 655 ملیۆن و 544 هەزار و 281 دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی لەو ساڵەدا یەک ترلیۆن و 739 ملیار و 785 ملیۆن و 141 هەزار و 124 دینار زیادی کردووە، ئەویش بەراورد بە ساڵی 2024.
داهاتی نەوتی لە 2025 بە رێژەی 3% کەمی کردووە و داهاتی نانەوتیش بە هەمان رێژە زیادی کردووە.
کورتهێنانى خەرجى و داهاتى عێراق لە 2025 گەیشتووەتە 17.1 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا کورتهێنان لە 2024 گەیشتبووە 9.8 تریلیۆن دینار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ