گومرکی سەردەشت: لە 4 مانگدا بە بەهای 54 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە

09-08-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گومرکی سەردەشت لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماری هەناردە و هاوردەی ئەمساڵی دەروازەی سنووریی کێلێی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکان، لە چوار مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 54 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە و هاوردەکردنیش کەمتر لە ملیۆنێک دۆلار بووە.
 
مەجید غولامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت رایگەیاندووە، ئەمساڵ 158 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 54 ملیۆن و 983 هەزار دۆلار لە دەروازی سنووری کێلێوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
بە گوتەی مەجید غولامنەژاد، رۆژانە زیاتر لە 180 بارهەڵگر ئەو کەلوپەلانە بۆ دەروازەی سنووری کێلێ لەسەر سنووری سەردەشت دەگوازنەوە.
 
بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێوە هەناردە کراون، بریتین لە کاشی، سیرامیک، ئاسن، شیش، بەرهەمە پلاستیکییەکان و میوە و سەوزە.
 
ئەو بەرپرسەی پارێزگای ورمێی لەبارەی ئاماری هەناردەکردنی ساڵی رابردووش گوتی، پار لە هەمان ماوەدا 148 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 29 ملیۆن دۆلار لە دەروازی سنووری کێلێوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کرابوو.
 
سەبارەت بە هاوردەکردن لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە، مەجید غولامنەژاد رایگەیاند، ئەمساڵ تەنیا 187 تۆن کەلوپەل بە بەهای 876 هەزار دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووری کێلێوە هاوردە کراوە و زۆرترین ئەو شتانەی کە هاوردە کراون کەلوپەلی ناوماڵن.
 
دەروازەی سنووریی کێلێ کە دەکەوێتە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، 18 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سەردەشت و تەنیا 17 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری قەلادزێ لە دیوی باشووری کوردستانەوە دوورە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە