رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهان، نرخی زیو زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و بە 71.94 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەم پێیە، کیلۆیەک زیو بە 2,312 دۆلارە.
پێشتر چوار رۆژی لەسەریەک بوو نرخی زیو بەرزبوونەوەی تۆماردەکرد و دوێنێ گەیشتە 72.46 دۆلار کە بەرزترین ئاست بووە لە مێژووی مامەڵەکاندا تۆماری کردبێت.
بەرزبوونەوەی نرخی زیو لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاوەڕێی کەمکردنەوەی رێژەی سوودن لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
ئێستا پێشبینی ئەوە دەکرێت بانکەکە ساڵی داهاتوو دوو جار رێژەی سوود کەمبکاتەوە.
هەرچەندە گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا (GDP) لە چارەکی سێیەمدا بە رێژەی4.3٪ بووە، بەڵام دابەزینی متمانەی بەکاربەران و جێگیربوونی ئاستی بەرهەمهێنانی کارگەکان لە مانگی تشرینی دووەمدا، ئەو بۆچوونەی لای شارەزایان دروستکردووە کە لە مانگەکانی داهاتوودا سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا بەرەو ئاسانکاری و کەمکردنەوەی سوود دەچێت.
هاوکات گرژییە جیۆسیاسییەکان پاڵنەرێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان بوون.
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی گەمارۆدانی ئەو تانکەرە نەوتییانەی ڤەنزوێلای دەرکرد کە سزایان لەسەرە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕەکان و وایکردووە خواست لەسەر زیو وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ وەبەرهێنان زیاد بکات.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، نرخی زیو نزیکەی 150٪ بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ