لە عێراق هەر موڵکێک بە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار بفرۆشرێت، دەبێت پارەکەى لە بانک دابنرێت

10-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهای فرۆشتنی هەر موڵکێک لە عێراق زیاتر بێت لە 100 ملیۆن دینار، دەبێت لە رێگەى هەژمارى بانکییەوە پارەکەى بدرێت. بەرپرسى بانکێکى ئەهلیش دەڵێت، نووسراویان بۆ بانکى ناوەندیى عێراق کردووە بۆ ئەوەى بزانن ئەو رێکارە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە یان نا.

بانکى ناوەندیى عێراق لە 9ى شوباتى 2025 نووسراوێکى ئاراستەى سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان کردووە، بۆ ئەوەى میکانیزمى نوێى کڕین و فرۆشتنى موڵک و ماڵیان پێ رابگەیێنێت. 
 
بە گوێرەى رێنوێنییەکە، هەر موڵکێک کە کڕین و فرۆشتنى پێوە بکرێت و بەهاکەى لە 100 ملیۆن دینار زیاتر بێت، پێویستە پارەکەى لەو بانکانە دابنرێت، بۆ ئەوەى مامەڵەکە لە بەڕێوەبەرایەتیى تۆمارى خانووبەرە تەواو بکرێت. 
 
ئەو هەژمارە بانکییەى کڕیارەکە پارەکەى تێدا دادەنێت، بەبێ بەرامبەر دەکرێتەوە و وەک هەژمارى سپاردە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر کڕیارەکە پێشتر هەژمارى بانکى هەبێت، پێویست ناکات هەژمارێکى دیکە بکاتەوە بۆ ئەو مامەڵەیە. 
 
رۆژی دووشەممە 10ى شوبات، سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بە گوێرەى ئەو بڕیارە، هەر موڵکێک بە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار بفرۆشرێت، بەبێ کردنەوەى هەژمارى بانکى و دانانى پارەکەى لە بانک، لە تۆمارى خانووبەرە مامەڵەى بەناوکردنى بۆ ناکرێت.
 
پێشتر بەهاى ئەو موڵکانەى، کە دەبوو مامەڵەکەى لە رێگەى بانکەوە بۆ بکرێت، زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بوو، ئێستا بانکى ناوەندیى عێراق بڕى پارەکەى چوار ئەوەندە کەمکردووەتەوە.
 
لە رێنوێنییەکاندا هاتووە کە کرێی خزمەتگوزاری (عمولە)ـى کارگێڕیی ئەو خزمەتگوزارییە لە بانکەکان نابێت لە 25 هەزار دینار تێپەڕ بێت و لەگەڵ دانانى پارەکەدا، ئەو بانکە بە نووسراوى فەرمى بەڕێوەبەرایەتیى تۆمارى خانووبەرە ئاگادار دەکەنەوە تاوەکو دواتر پارەى ئەو مامەڵەیە بدرێت.
 
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلی عێراقی رایگەیاند: لە هەرێمى کوردستان میکانیزمێکى دیکە بۆ ئەو پرسە جێبەجێدەکرێت و بۆ روونکردنەوەى ئەوەى کە رێنماییەکەى بانکى ناوەندیى عێراق، هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە، نووسراویان ئاراستەى ئەو بانکە کردووە.
 
یەکێک لە پاساوە سەرەکییەکانى بانکى ناوەندی بۆ ئەو رێکارە نوێیە، جێبەجێکردنى رێنوێنییەکانی بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆرە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا. وێنە: Reuters

یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زیاتر دابەزی بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 61 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.