رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق دڵنیایی لە واژۆکردنی گرێبەستی نوێ بۆ بۆریی عێراق – تورکیا دەدات و دەشڵێت، زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی جەیهانەوە هەناردە کراوە. لەبارەی گازی هاوەڵیشەوە ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو کۆتایی 2029 سووتاندنی گاز دەگەیێننە سفر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، حەیان عەبدولغەنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکان کراوە، کە تێکڕای هەناردەی رۆژانە 200 بۆ 208 هەزار بەرمیل نەوتە.
یەکەمین باری نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا گەیشتووەتە بازاڕەکانی ئەمریکا؛ بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، "کۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکایە."
رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاوی عێراق – تورکیا کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە 27ـی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.
رۆژی 18ی مانگی رابردوو یەکەمین کۆبوونەوە لە ئەنقەرە لەنێوان هەردوو شاندی عێراق و تورکیا بەڕێوەچوو. وەزیری نەوتی عێراق لەوبارەیەوە گوتی، "گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و بەم نزیکانە کۆبوونەوەی دووەم لە بەغدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بگەینە داڕشتنەوەی کۆتایی رەشنووسی رێککەوتنەکە."
سەبارەت بە وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ، حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوە کرد، "رێژەی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ لە 35٪ـەوە بۆ 73٪ بەرزبووەتەوە و پلانی وەزارەت ئەوەیە تاوەکو کۆتایی 2029، تەواوی ئەو گازەی کە ئێستا دەسووتێندرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و سووتاندنی گاز بگەیێننە سفر."
وەزیری نەوت گوتیشی، "لە مادەکانی نەوتی سپی و گازوایلدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و بەرهەمهێنانی بەنزین گەیشتوونەتە 80٪، ئامانجیش ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو لە بەنزینیشدا بگەینە خۆبژێوی تەواو،" کە بە گوتەی ئەو، "ئەم هەنگاوانە ساڵانە 5 بۆ 6 تریلیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێننەوە کە پێشتر بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی خەرج دەکرا."
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەش کرد، "توانای پاڵاوتنی نەوت لە پاڵاوگەکانی کەربەلا، بێجی و بەسرە گەیشتووەتە 460 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆ یەکەمجاریش پاڵاوگەی بێجی دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی بەنزین بە ئۆکتانی سەرووی 95."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ