وەزارەتی دارایی عێراق دامەزراندنی راگرت و خەرجی کردە 1/12

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە فەرمانێکدا بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، پێی راگەیاندوون لە مانگی کانوونی دووەمی 2026ـەوە خەرجی دەکرێتە یەک لەسەر دوازدە و دامەزراندنی فەرمانبەرى گرێبەست و هەمیشەیی و بەستنی سەرمووچە و بەرزەمووچە رادەگرێت.
 
ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە 9ی کانونی یەکەمی 2025 بە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی دەرکراوە و ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان کراوە.
 
بە گوێرەی بڕیارەکە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 خەرجییەکانیان دەبێتە یەک لەسەر دوازدەی تێکڕای خەرجیی کرداری بۆ خەرجیی رەوانی ساڵی 2025 تاوەکو ئەو کاتەی بودجەی 2026 پەسند دەکرێت.
 
دوایین راپۆرتی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کە بۆ مانگی ئەیلوول بووە، دەریخستووە تاوەکو ئەو کاتە خەرجییەکانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن 99.9 ترلیۆن دینار بووە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمى پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: رێکاری خەرجی یەک لەسەر دوازدە خەرجی وەبەرهێنان دەگرێتەوە کە بەتەواوی رادەوەستێت، بەڵام مووچە و خەرجی بەگەڕخستن، کە خەرجی فەرمانگەکان دەگرێتەوە، ناوەستێت و بەردەوام دەبێت، بەڵام نابێت خەرجییەکەیان لە بڕی ساڵی پێشووتر زیاتر بێت و  دامەزراندنی نوێ نابێت.
 
یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی، راگرتنی دامەزراندنە بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی یان کرێی رۆژانە لەلایەن وەزارەتەکانەوە، کە لە یەکی کانوونی یەکەمی 2026 رادەگیرێت و لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2026 بەگوێرەی ناوەڕۆکى ئەو یاسایە چاوی پێدا دەخشێندرێتەوە.
 
لەبارەی کاریگەریی ئەو رێکارە لەسەر هەرێمی کوردستان، جەمال کۆچەر رایگەیاند: "ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت، بەشەخۆراکی مانگانە و پارەی دەرمان نابێت و تەنیا پشکی بودجەی وەبەرهێنان دەگرێتەوە کە رادەگیرێت."
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی وەبەرهێنان کە لە خشتەی 2024ی بودجەی گشتیی عێراق هاتووە مانگانە 400 ملیار دینارە، بەڵام بەغدا ئەو پشکەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، لە یەکی کانوونی دووەمی 2026ـەوە گواستنەوەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەت و دەستەکاندا رادەگیرێت، هەروەها رێکارەکانی بەستنی سەرمووچە و بەرزەمووچەش رادەگیرێت تاوەکو بودجەی نوێ پەسند دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە