بانکی ناوەندیی ئەمریکا 0.25٪ سوودی بانکی کەمکردەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ سێیەم جار لەسەریەک لەم ساڵدا رێژەی سوودی بە رێژەی 0.25٪ دابەزاند، ئاماژەی بە نیگەرانییەکانی بازاڕی کار کرد تەنانەت لە کاتێکدا هەڵاوسان بە بەرزی ماوەتەوە و باجەکانی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر بازاڕ هەیە. 

رۆژی چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، بانکی ناوەندیی ئەمریکا کەمکردنەوەکەی بە رێژەی 0.25٪ پەسەندکرد و رێژەی سوودی بانکیان لەنێوان 3.5٪ بۆ 3.75٪ جێگیرکرد کە نزمترین رێژەی سوودە لە سێ ساڵی رابردوودا. 
 
هەنگاوەکە هاوتەریب بوو لەگەڵ پێشبینییەکانی بازاڕ، هەرچەندە رێڕەوی داهاتوو کەمتر دڵنیایی تێدایە. بانکەکە لانیکەم یەک کەمکردنەوەی دیکەی رێژەی سوودی بۆ ساڵی داهاتوو دیاری کرد.
 
بەڵام کەلێنێک لە ناو بانکە ناوەندییەکە قوڵتر بووەوە دوای ئەوەی دوو بەرپرس دەنگیان دژی کەمکردنەوە مامناوەندەکە دا، کە یەکێکیان داوای کەمکردنەوەی زیاتری دەکرد. 
 
ئۆستن گوڵسبی سەرۆکی بانکی فیدراڵیی شیکاگۆ و جێفری شمید سەرۆکی بانکی فیدراڵیی کانساس سیتی داوایان کرد رێژەکان وەک خۆیان بمێننەوە.
 
ستیڤن میران، ئەندامی ئەنجوومەنی بانکی ناوەندی پشتیوانی لە کەمکردنەوەیەکی گەورەتر کرد بە رێژەی نیو خاڵی سەدی.
 
لیژنەی دیاریکردنی رێژەی سوود لە بانکی ناوەندی لە 12 ئەندامی دەنگدەر پێکهاتووە  کە حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاران، سەرۆکی بانکی فیدراڵی نیویۆرک و سەرۆکی بانکە فیدراڵییەکانی بە نۆرە لەخۆدەگرێت، کە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردەدەن.
 
بەرپرسانی بانکی ناوەندی پێشبینیان کرد کە گەشەی بەرهەمی ناوخۆییان لە ساڵی 2026دا 2.3٪ بێت، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینیان دەکرد 1.8٪ بێت. پێشبینییەکانی هەڵاوسانیان بۆ ساڵی داهاتوو کەمێک دابەزاند، لەکاتێکدا پێشبینییەکانیان بۆ رێژەی بێکاری بە نەگۆڕی هێشتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە