سەرچاوەیەک بۆ رووداو: رەنگە هەفتەی داهاتوو هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ جەیهان دەستپێبکاتەوە

11-03-2026
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخرانی تەنگەی هورمز، عێراقی ناچارکردووە بیر لە چەندین بژاردەی جیاواز بکاتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراقی دەڵێت، پلانی سەرەتاییان ئەوەیە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە نەوتی کەرکووک هەناردەی جەیهان بکەن و ئەگەری زۆرە لە هەفتەی داهاتووەوە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە. 
 
سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخێکی ئەمنی نائاسایی لە ناوچەکەدا هەیە و هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بەرەنگاری لێکەوتەکانی ببینەوە. چەندین بژاردەمان لەبەردەستە بۆ هەناردەکردنی نەوت و یەکێک لە بژاردەکان سوودوەرگرتنە لە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهان."
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی، "لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخە پلانی سەرەتایی ئەوەیە کە 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی جەیهان بکەین و دەکرێ دواتر بڕەکە زیاتریش بکرێت."
 
سەبارەت بە بژاردەکانی دیکە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "لەگەڵ حکومەتی ئوردن لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی ئەو وڵاتەوە زیاتر بکەین و ئەوە یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکان."
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی نەوت دەڵێ، "بۆیە تاکە رێگەی ئاسانمان بۆ گەیاندنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە و مافی حکومەتی فیدراڵیشە کە ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر."
 
سەرچاوەکە گوتی، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ ئەو پرسە و "بڕیارە پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە وەڵامی ئەو داواکارییە بدرێتەوە کە بۆ ئەو مەبەستە ئاراستەیان کراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە هەناردەکردن دەستپێبکات."
 
بەگوێرەی سەرچاوەکە، لە ئەگەری رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو داواکارییە، بەغدا بەڵێنی ئاسانکاریکردنی زیاتری بۆ ناردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو داوە.
 
سەرچاوەکەی رووداو باسی لەوەش کرد، "لەم دۆخەدا رۆژانە هەرێمی کوردستان 40 هەزار بەرمیل و هەندێکجاریش تەنیا 20 هەزار بەرمیل هەناردەی بەندەری جەیهان دەکات و ئەو بڕەش زۆر کەمە بۆ بەگەڕخستنی بۆرییەکە."
 
پێش شەڕی ئێران، عێراق 4.35 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا، بەڵام رووداو زانیویەتی، ئێستا بەرهەمهێنان لە خوار سێ ملیۆن بەرمیلەوەیە.
 
شەڕی ئێران کە ئێستا لە هەفتەی دووەمیدایە و زیاتر لە 12 وڵاتی تێوەگلاوە و داخرانی تەنگەی هورمز بۆ 11ـەمین رۆژ، هۆکاری بڕیارەکەی وڵاتانن بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە