رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێر گەڕایەوە سەرووی 4000 دۆلار، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێژەی 100٪ پێناسی گومرکی بەسەر چین سەپاند.
لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.8٪ بەرزبووەوە و بە 4,012 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەوپێیەش نرخی زێڕ ماوەی 8 هەفتەی یەک لە دوای یەکە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، هیچ هۆکارێکی دیکە نەماوە بۆ ئەوەی چاوی بە شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور بکەوێت کە بڕیار بوو دوو هەفتەی داهاتوودا بێت.
بەربەستەکانی حکومەتی چین بۆ هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان، دۆناڵد ترەمپی تووڕە کردووە و لەدوای سەپاندنی پێناسی گومرکی 100٪ بەسەر بەرهەم و کاڵای چینیدا، خواستی بازرگانان بۆ کڕینی زێڕ زیادیکرد.
مەترسییە جیۆسیاسییەکان، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەیەکی زیاتر و خواستی بانک و وەبەرهێنەران، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
نرخی زێڕ هەروەها پاڵپشتی لە بشێویی سیاسی فەرەنسا وەرگرتووە.
لە فەرەنسا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 5 سەرۆکوەزیران گۆڕدراون و پارتە راستڕۆکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ