نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمار کرد و بەراورد بە دوێنێش هەر مسقاڵێک 18 هەزار دیناری دیکە بەرزبووەوە.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نرخی زێڕی عەیار 21 مسقاڵێکی بە 945 هەزار دینارە؛ مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 990 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 810 هەزار دینارە."
 
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر گوتی، "ئەو نرخەی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای نرخی ئۆنسەیەک بە 4577 دۆلار و هەر 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار دیاریکراوە."
 
تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 195 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرانبوونی زێڕ، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاتێک رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە نایجیریا. نایجیریا خاوەن بڕێکی زۆر نەوتە.
 
ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ تووندکردنی گوشارەکانی واشنتن بۆ سەر هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا، کە ترسی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزە و نائارامی لای بازرگانان دروستکردووە.
 
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پەیوەستە بە لاوازبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی دیکە.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، " هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، تەشەنەکردنی کێشە جیۆسیاسییەکانە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە