کۆمپانیای شلومبێرگێر کارەکانی لە کێڵگەی گازی عەکاس لە ئەنبار هەڵپەسارد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای شلومبێرگێر-ی ئەمریکی کارەکانی لە کێڵگەی عەکاس لە پارێزگای ئەنبار هەڵپەسارد و دوو بەرپرسی ئەنبار دەڵێن، بەهۆی پێشهاتەکانی جەنگ و هەڕەشەکانەوە، کۆمپانیاکە کارەکانی راگرتووە و شوێنەکەیان جێهێشتووە. 
 
بەرپرسێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای شلومبێرگێری ئەمریکی کارەکانی لە کێڵگەی گازی عەکاس لە پارێزگای ئەنبار راگرتووە و شوێنی کارەکەیان جێهێشتووە. 
 
کێڵگەی عەکاس دەکەوێتە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت بۆ رووداو، بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، کۆمپانیا ئەمریکییەکە کە وەبەرهێنەرە لەو کێڵگەیەدا، سەرجەم کارەکانی هەڵپەساردووە و کارمەندەکانی لە کێڵگەکە کشاندووەتەوە.
 
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای پەرەسەندنی پێشهاتەکانی جەنگ و زیادبوونی هەڕەشەکان، کۆمپانیاکە سێ رۆژ لەمەوبەر بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی راگرتووە و کێڵگەکەی بەجێهێشتووە."
 
قایمقامی قەزای قائیم دەڵێت، "هەرچەندە شلومبێرگێر کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، بەڵام ئەو کارمەندانەی لە کێڵگەکە کاریان دەکرد زۆربەیان چینی بوون".
 
عەکاس دەکەوێتە نێوان هەردوو قەزای قائیم و روتبە، عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە، رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کارمەندانی کۆمپانیاکە رووبەڕووی هەڕەشەکردن بوونەتەوە، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی کێڵگەکەیان بەجێهێشتووە". 
 
کێڵگەی گازی عەکاس بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی ئازاد لە عێراق دادەنرێت و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار. بەهۆی یەدەگە زۆرەکەی و نزیکی لە وێستگەکانی کارەباوە، بە پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگ دادەنرێت بۆ دابینکردنی وزە و گەشەپێدانی پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان لە وڵاتەکەدا.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تەممووزی ساڵی 2023 گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای شلومبێرگێر (Schlumberger)بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە واژۆ کرد. رۆژی سێشەممە 13-1-2026  وەزارەتی نەوتی عێراق، دەستپێکردنی کارەکانی هەڵکەندن و پەرەپێدانی لە کێڵگەی گازیی عەکاس لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.
 
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز ئەوکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئامانجمان ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بگەیێنینە 100 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا". 
 
وەزارەتی نەوت پلانی هەیە لە قۆناخەکانی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی عەکاس بگەیێنێتە 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. 
 
شلومبێرگێر بە دووەم گەورەترین کۆمپانیا دادەنرێت لە بواری خزمەتگوزاریی کێڵگەی نەوتی، بارەگای سەرەکی لە ئەمریکایە، لە نزیکەی 85 وڵات کاردەکات و زیاتر لە 100 هەزار کارمەندی لە 140 ناسنامەی جیاوازی هەیە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە