رووداو دیجیتاڵ
نیگەرانی لە خستنەڕووی زۆری نەوت، سەرەڕای گەشبینی بە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر پێناسە گومرگییەکان، نرخی نەوتی دابەزاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 22 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 18 سەنت دابەزی و بە 61 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆش نرخی نەوتی برێنت نەیتوانی بگاتەوە ئاستی 65 دۆلار، بەوپێیەش دوورکەوتەوە لە بەرزترین ئاستەکانی دوو هەفتەی رابردووی خۆی.
رۆژی دووشەممە دوای راگەیاندنی رێککەوتنی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین بۆ کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکان، نرخی نەوت بە رێژەی 1.5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، بەڵام خستنەڕووی نەوتی زیاتر لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە نەیهێشت بەرزبوونەوەی نرخەکە بەردەوام بێت.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەران رایانگەیاند، "خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمە و بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر بەو مانایەیە کە لەمە بەدواوە تاوەکو کۆتایی ساڵ، زیادەی نەوت لە بازاڕدا هەیە، ئەوەش گوشاری لەسەر نرخی نەوت دروستکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ