وەزیری دارایی عێراق سێ مووچە نەدراوەکەی پاری خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

13-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی سێ مووچە نەدراوەکەی پاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و خستیە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، (13-06-2024) بە رووداوی گوت: "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نووسراوی فەرمی پێی راگەیاندووە، سێ مووچە نەدراوەکەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ـی ساڵی رابردووی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەبێ ئەو بیدات". 
 
ئەو وەڵامەی وەزیری دارایی عێراق دوای ئەوە دێت، رۆژی 21-05-2024، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، سەردانی بەغدایان کرد و لە یاداشتێکدا داوای سێ مووچەکەی ساڵی 2023یان کرد. ئەو پەرلەمانتارەش بۆ رۆژی دواتر بە نووسراوی فەرمی یاداشتەکەی ئاراستەی وەزیری دارایی عێراق کرد.

 

 
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رۆژی 10-06-2024 وەڵامی سۆران عومەری داوەتەوە. کۆپییەکی وەڵامەکە بە نووسراو دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 لەلایەن بانکی عێراق بۆ بازرگانی، بانکی رەشید و رافیدەین پارەدارکراوە، ئەوەش پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارەکانی (233334، 23520 و 23250 و 23206) بۆ ساڵی 2023، ئەو بابەتە لە تایبەتمەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

 

 
رۆژی پێنجشەممە 13-06-2024 محەممەد حوسین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بە رووداوی گوت: "وەڵامی وەزیری دارایی عێراقمان پێگەیشتووەتەوە و دەڵێت، 'بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران مووچەی ساڵی 2023یان خەرج کردووە، داوای ئەو سێ مووچەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن'." 
 
سەبارەت بە هەڵوێستیان، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێت: "وەڵامەکەیان لە ئەنجوومەنەکە گشتاندن کردووە، خەریکی تاوتوێکردنین، دواتر بە فەرمی هەڵوێستی خۆمان لەوبارەوە رادەگەیێنین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە