رووداو دیجیتاڵ
دوای ناجێگرییەکانی دوێنێی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهانی و نێوخۆدا، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ نرخی مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 10 هەزار دینار دابەزی.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 855 هەزار دینارە، عەیاری 22 بە 895 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 733 هەزار دینارە".
دوێنێ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 863 هەزار دینار بوو، عەیاری 22 بە 895 هەزار دینار و عەیار 18ەش بە 740 هەزار دینار بوو.
ئەو نرخەی ئەمڕۆ بەگوێرەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دیاریکراوە، کە یەک ئۆنسە بە 4 هەزار و 300 دۆلارە.
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 4,350 دۆلار، بەڵام پێش داخستنی بازاڕ بۆ نزیکەی 4,300 دابەزی.
بەوپێیەش لە ئاستی رۆژانەدا نرخی زێڕ زیاتر لە 1٪ بەرزبووەوە. لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 4,366 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی شرۆڤەکاران، لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە دوای راگەیاندنی سوودی بانکی، پاڵپشت بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. جیرۆم پاوڵ کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ساڵی داهاتوودا رەتنەکردەوە، هەرچەندە مەرجداری کرد بە داتای نوێی ئابووری ئەمریکاوە.
لەلایەکی دیکەوە جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند دەست بە کڕینی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دەکەنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی نەختینە لە بازاڕەکانی ئەمریکادا کە دەتوانێت پاڵپشتی بۆ بازاڕەکانی زێڕ دروستبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ