رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی ئەورووپادا دەکات. ئەمەش وەک وەڵامدانەوە بۆ پلانێکی یەکێتیی ئەورووپا کە دەیەوێت پێناسی گومرگی بخاتە سەر ویسکی ئەمریکی.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس هەڕەشەی لە یەکێتیی ئەورووپا کرد و گوتی: "ئەگەر دەستبەجێ پێناسە گومرگییەکان لانەبردرێت، ئەمریکا لە ماوەیەکی نزیکدا 200٪ پێناسی گومرگی دەخاتە سەر هەموو جۆرە شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا."
ترەمپ دوای ئەوەی لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ گەڕایەوە کۆشکی سپی، دەیەوێت بە سەپاندنی پێناسی بازرگانی، گوشار لەسەر ئەو وڵاتانە بکات کە دەیانەوێت شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بکەن.
گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە، یەکێتیی ئەورووپا پلانێکی بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی لەسەر بەشێک لە بەرهەمەکانی دروستکراوی ئەمریکا راگەیاندووە. ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ 25٪ پێناسی گومرگی خستە سەر ئەو پۆڵا و ئەلەمنیۆمەی، کە هەناردەی ئەمریکا دەکرێت.
دوای گوتەکانی ترەمپ، پشکی کۆمپانیا ئەورووپییەکانی بەرهەمهێنانی شەراب لە بازاڕی وۆڵ ستریت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
کۆمپانیای تیتەنژی کە کۆمپانیایەکی فەرەنسی و شەراب و شامپانیا دروست دەکات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەگەر ترەمپ پێناسی گومرگی بەو رێژەیە بسەپێنێت، نرخی بەشێک لە خواردنەوەکان 120٪ بەرز دەبنەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، ئەورووپا لە ساڵی 2023 بە بەهای نزیکەی 5.2 ملیار دۆلار شەراب و شامپانیای هەناردەی ئەمریکا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ