بەهای لیرەی سووری لە باشووری کوردستان 25% و لە سووریا 20% بەرزبووەوە

14-05-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی لیرە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 20٪ و لە باشووری کوردستان 25٪ بەرزبووەوە.
 
ئەمڕۆ لە دیمەشق هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 8 هەزار و 600 لیرەیە. بەراورد بە دوێنێ 20٪ـی نرخەکەی بەرزبووەتەوە کە 10 هەزار و 500 لیرە بوو. 
 
لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە نرخی لیرە بەرامبەر بە دۆلار نزیکەی 30٪ بەرزبووەتەوە. ئەوکاتە هەر دۆلارێک بە زیاتر لە 12 هەزار لیرە بوو. 
 
بەرزبوونەوەی نرخی لیرە دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سعودیە رایگەیاند، "دوای تاوتوێکردنی دۆخی سووریا لەگەڵ شازادەی جێنشین، محەممەد بن سەلمان، هەروەها لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغانی تورکیا، کە ئەو رۆژە تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای هەمان شتی کرد، هەروەها چەندین کەس و دۆستی دیکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، فەرمان دەکەم بە کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان بدەمێ."
 
قسەکانی ترەمپ رەنگدانەوەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش هەبوو؛ نرخی ملیۆنێک لیرەی سووری پێش قسەکانی ترەمپ 145 هەزار دینار بوو، بەڵام درەنگانی شەو لە گرووپەکانی مامەڵەکان گەیشتە 203 هەزار دینار.
 
رۆژی دووشەممەش یەك ملیۆن لیرەی سووری بە 133 هەزار دینار بوو. 
 
سیامەند مەولوود، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهای لیرەی سووری هەڵبەزین و دابەزین بەخۆوە ببینێت. ئەگەریش سەرجەم سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەهای لیرەی سووری بەرزتر دەبێتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە