پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی پێی گوتین لەکاتی خۆیدا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

14-06-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن مووچە لیستی مووچە بودجەی 2021
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەیەکی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستانی گوتووە، مووچەی ئەم مانگە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت و دواناکەوێت.
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی حوزەیرانی 2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایى و كاروبارى ئابووریی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بوو بە راپۆرتی دووەمی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پرسیارمان لەبارەی مووچە و بودجەوە لە وەزیری دارایی کرد".
 
ئەندامانی لیژنەکە پرسیاریان لە وەزیری دارایی کردووە لەبارەی مووچەی مانگی شەش، ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەیەت و داهاتەکانی گومرک وەک دەڵێن کەمبووەتەوە ئایا مووچە دوادەکەوێت؟ بە گوتەی لیزا فەلەکەدین، "لەوەڵامدا پێیگوتین لەگەڵ ئەو دوو خاڵەش مووچە دواناکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت".
 
لیزا کاکەیی کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی لیژنەکەیان و شاندەکەی حکومەت بوو، روونیشیکردەوە، "وەزیری دارایی گوتی لە 25ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکەین".
 
هاوکات ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "وەزیری دارایی گوتی مووچەی ئەم مانگە دواناکەوێت".
 
دوای سێ مانگ لە دابەشکردنی مووچە لە وادەی خۆیدا وەکو پێشتر گوتەبیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیدابوو، مانگی رابردوو پێدانی مووچە بە لێبڕینی رێژەی 21٪ بۆ هەفتەیەک لەکاتی خۆی دواکەوت. 
 
ئەمڕۆ لەسەر پرسی بودجە و مووچە و دۆخی ناوچە کوردستانییەکان 4 وەزیر و بەرپرسی باڵای حکومەت چوونە پەرلەمانی کوردستان و بە جیا لەگەڵ لیژنەی دارایی و ئابووری و لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمی کوردستان کۆبوونەوە و روونکردنەوەیان بە لیژنەکان داوە.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە