نرخی زێڕ گەیشتە زیاتر لە سێ هەزار و 370 دۆلار

14-08-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ کەمێک بەرزبووەوە و ئێستا بە 3,359 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتبووە 3,372 دۆلار. هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زیو بە 38.55 دۆلارە.
 
سێیەم رۆژی لەسەریەکە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە، بەڵام بە رێژەیەکی کەم. پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەکەیە.
 
لە هەرێمی کوردستانیش، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22: 696,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21: 665,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18: 570,000 دینار
 
نوێترین راپۆرتی هەڵاوسان لە ئەمریکا نیگەرانییەکانی لەبارەی کاریگەریی پێناسە گومرگییەکان کەمکردووەتەوە، هاوکات ئاماژەکانی هێوربوونەوەی بازاڕی کاریش بواری زیاتری بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود رەخساندووە، ئەوەش دوای کەمبوونەوەی دامەزراندن لە مانگی رابردوودا.
 
ئێستا بازاڕەکان بە نزیکەیی دڵنیان لەوەی لە مانگی ئەیلوولدا سوود بە رێژەی 0.25٪ کەم دەکرێتەوە، هەندێکیشیان پێشبینی دەکەن کەمکردنەوەکە بە رێژەی 0.50٪ بێت.
 
هاوکات، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، داوای کردووە ئەم ساڵ چەندین جار رێژەی سوود کەمبکرێتەوە و پێشنیازی کردووە کە بانکی ناوەندی بە 0.50٪ دەستپێبکات.
 
ئەمڕۆش کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر، ئاماری داواکارانی بیمەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ هەفتەی رابردوو بڵاودەکرێتەوە؛ هەفتەی رابروو رێژەکە لە 219 هەزار کەسەوە گەیشتبووە 226 هەزار کەس. زیادبوونی رێژەکە ئەمڕۆش دەتوانێت زێڕ زیاتر بەرزبکاتەوە، بەپێچەوانەشەوە.
 
جگە لە چاوەڕوانییەکانی رێژەی سوود، زێڕ پشتیوانیی لە مەترسییە جیۆسیاسییەکانیش وەرگرتووە، بەتایبەتی پێش کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا.
 
ترەمپ درەنگانی شەوی چوارشەممە هۆشداریدا کە رووسیا رووبەڕووی "دەرەنجامی زۆر سەخت" دەبێتەوە ئەگەر پووتین کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا نەهێنێت. هەرچەندە هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو، بەڵام پێشتر هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی کردبوو ئەگەر گفتوگۆکانی ئالاسکا هیچ پێشکەوتنێک بەخۆوە نەبینن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی ئۆنسەیەک زیو بە 38.55 دۆلارە. دووەمین رۆژی لەسەریەکە نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زیو دوای ئەوە هات داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا پێشبینییەکانی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە مانگی ئەیلوولدا بەهێزتر کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شەفافیەت: داهاتی ئەم ساڵی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 900 ملیار دینارە

ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی ئەم ساڵی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 894 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا داهاتەکە پار زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە. بەمەش ئەم ساڵ بەراورد بە پار، داهاتی ئەو سنوورە زیاتر لە 5.5 ملیار دینار کەمی کردووە.