کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداو: چاوەڕێین رۆژی شەممە نەوتمان رادەست بکرێت

14-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی رۆژی شەممەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوتن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئابی 2025، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانمان ئاگادار کردەوە، کە ئێمە وەکو کۆمپانیای نەوتی باکوور ئامادەیی تەواومان کردووە بۆ وەرگرتنی نەوت؛ بڕیاربوو ئەمڕۆ نەوتەکە وەربگرین و هەناردە بکرێت، بەڵام بەدەستمان نەگەیشت."
 
عامر خەلیل، کە خۆی سەرۆکایەتیی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، گوتی، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێی راگەیاندین، هێشتا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. بڕیارە رۆژی شەممە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کۆببنەوە، ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکەین."
 
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "هەفتەی داهاتوو وەزارەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور دووپاتی کردەوە، "بۆریی نەوت بەتەواوی ئامادەیە، کۆمپانیاکەمان 13 کارمەندی لە زاخۆ و ناوچەکانی دیکەی رێڕەوی بۆرییەکە تاوەکو تورکیا داناوە، 8 کارمەندیشی لە بەندەری جەیهاندا جێگیرکردوون و بەتەواوی ئامادەین بۆ هەناردەکردن."
 
لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی کە بڕیارە رادەستیان بکرێت، عامر خەلیل گوتی، "لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێیان گوتین هێشتا بڕەکە دیار نییە کە چەند رادەست دەکەین، بەڵام ئاگادارین ئێستا رۆژانە 150 هەزار بەرمیل بەرهەم دێت، 50ی بۆ ناوخۆ و 100 هەزاریش بۆ هەناردەکردنەوە، بەگوێرەی زیادبوونی بەرهەمیش، بڕی هەناردەکردن زیاتر دەکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆنووسی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەلایەن "23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە کە 17 یان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەممووز دەستیان پێکردووە و لەو ماوەیەدا سەردانی تەواوی کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە. 
 
وەزارەتەکە دەڵێت، دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان، 11ـی ئاب رێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ گل دەدرێتەوە و ئەوەی دیکە بەگوێرەی بەرهەمی رۆژانە رادەستی سۆمۆ دەکرێت. 
  
سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوە ماوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.
 
لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە