رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی سێ هەزار پڕۆژە راوەستاون و لەو ژمارەیە هەزارو 870 پڕۆژەیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیانن. گوتەبێژی یەکێتییەکە دەڵێت: "بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە هەزار و 50 کۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەر مایەپووچبوون." ئاشکراشی کرد، بۆ تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی سلێمانی، تریلیۆنێک و 100 ملیار دیناریان پێویستە.
رۆژی چوارشەممە، 14-12-2022، مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان لەبارەی دۆخی دارایی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەرچەندە یەک دوو مانگێک دەبێت داهاتە نێوخۆییەکانی سلێمانی زیادیانکردووە، بەڵام زۆربەی بۆ مووچە دەڕوات و دەبێت پارەی دیکەشی لەسەر دابنرێت تاوەکو مووچەی مووچەخۆران بەردەست بێت، بەڵام لەڕووی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانەوە دۆخی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خراپە."
مەلا یاسین مەحموود ئاشکرای کرد، لە کۆی نزیکەی سێ هەزار پڕۆژە کە وەستاون، هەزار و 870 پڕۆژەیان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن، رێژەی 70٪یان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتن و بەهۆی خەرجنەکردنی پارە بۆیانەوە ناکەونەوە سەرکار. گوتیشی، بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەزار و 50 کۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەر لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە "مایەپووچ بوون."
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان کە دۆخەکەی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە باشتر ناوهێنا و گوتی وەکو سلێمانی نین کە زۆر کاریگەریی خراپی ئەو قەیرانەی لێدەرکەوتووە، روونیدەکاتەوە: "وەبەرهێنەر و بەڵێندەر هەن چوونەتە دەرەوە، بەشێکیان هەڵاتوون، بەشێکیان ناوێرن بچنە ناو خەڵک، چونکە بەشێکی زۆریان مایەپووچ بوون و پارەی خەڵکیان لایە و ناتوانن بیدەنەوە."
ئەو پڕۆژانەی راوەستاون بەهۆی کێشەی داراییەوە کارەکانیان راگیراوە. ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014ـەوە کاتێک داعش هێرشی کردەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت: "ئێستا ئەو پڕۆژانەی کاریان تێدادەکرێت ناگاتە 130 پڕۆژە کە بەشێوەی پچڕ و پچر و جیا کاریان تێدادەکرێت، بەڵام بەپێی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی 2023ـەوە دۆخەکە باشتر ببێت."
لەبارەی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی دەڵێت: "ئەگەر مانگانە بڕی 100 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی خەرجبکرێت، ئەوا لە ماوەی سێ مانگدا بەشێکی باشی پڕۆژەکانی سلێمانی دەکەونەوە گەڕ و جێبەجێ دەکرێن، چونکە پڕۆژەمان هەیە 100 ملیۆن دیناری پێویستە، پڕۆژەمان هەیە 100 ملیۆن دۆلاری پێویستە."
لەگەڵ ئەوانەشدا ئەو قسانەی رەتکردەوە کە لە سلێمانی کۆکردنەوەی داهات وەکو پێویست نییە و گوتی: "ئەگەر نموونەی کارەبا وەربگرین، مانگی رابردوو داهاتی کارەبای سلێمانی 32 ملیار دینار بووە، کەچی داهاتی کارەبای هەولێر و دهۆک 24 ملیار دینار بووە."
بە گوتەی مەلا یاسین، حکومەت کەمترین پارە بۆ پڕۆکە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی خەرج دەکات و چەند پڕۆژەیەکی زۆر کەم نەبێت لەوانە رێگەی کەلار- سلێمانی و چەند دانەیەکی دیکە پارە بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی خەرج ناکرێت، بەتایبەت لە ساڵی 2022 کە هیچ پارەیەک بۆ بەڵێندەران و وەبەرهێنەران خەرج نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ