ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر: دەروازەی رەبیعە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ژووری بازرگانیی بەغدا دەڵێ، کردنەوەی دەروازەی رەبیعە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی بازرگانان ئامادە نین رێگەی سووریا بەکاربێنن.
 
رەشید سەعدی، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2026، لەبارەی کردنەوەی دەروازەی رەبیعە لەنێوان عێراق و سووریا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و تورکیا لە رێگەی ئەو دەروازەیە و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بێگومان ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر قەبارەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست دەکات و قەبارەکەی کەم دەکاتەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، یەکەم کاروانی بارهەڵگری تورکیا گەیشتە دەروازەی سنووریی رەبیعە لە پارێزگای نەینەوا کە لە دەروازەی گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هاتبوو.
 
هەر لەوبارەوە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، ئەوەی باس دەکرێ "هەڵایەکی میدیاییە، زیاتر بۆ گوشارکردنە سەر هەرێمی کوردستان. کردنەوەی دەروازەی رەبیعە کاریگەری ئەوتۆی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەدیاریکراوی لە رێگەی دەروازەی ئیراهیم خەلیل نابێ."
 
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، "زۆربەی بازرگانان ئامادەنین رێگەی سووریا بەکاربهێنن، خۆیان رووبەڕووی مەترسی بکەنەوە و لە رێگەی سووریاوە کاڵای خۆیان بێنن. رەنگە چەند بازرگانێکی سووریا و عێراق ئەو رێگەیە هەڵبژێرن و ئەوەش کاریگەری ئەوتۆ دروست ناکات."
 
بەگوێرەی رەشید سەعدی، کردنەوەی ئەو دەروازەیە بۆ عێراق گرنگە و ئاماژەی بەوە کرد، "کردنەوەی دەروازەی رەبیعە زیادکردنێکی جۆرییە، بەتایبەتی دوای ئەوەی داخستنی تەنگەی هورمز کاریگەریی گەورەی لەسەر قەبارەی بازرگانیی عێراق دروستکرد و هەناردەی نەوتی عێراقی بە رێژەی 90% کەمکردەوە."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تورکیا، قەبارەی بازرگانی لەنێوان عێراق و تورکیا ساڵانە 16 بۆ 17 ملیار دۆلارە. رەشید سەعدی دەڵێ، "تورکیا دەیەوێ قەبارەی بازرگانیی خۆی لەگەڵ عێراق بۆ نزیکەی 30 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییە و پێویستە حکومەتی عێراق کاری بۆ بکات."
 
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە